
بسم الله الرحمن الرحيم
لێبووردەیی سەڵاحەددینی ئەیوبی
دوای ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەكرێتە سەر سەڵاحەددینی ئەیوبی، پێم خۆشبوو ئەم چەند دێڕەتان بۆ بگوازمەوە كە لە كتێبی (كۆیلایەتی و كەنیزەك، لەدیدی ئیسلام و ئەوانی ترەوە) لە چاپی ناوەندی ئاستانە، ئاماژەم بۆكردوو، لەگەڵ هەندێك دەستكاریدا:
لە مێژووشدا زۆر جار موسڵمانان ئەمەیان هەڵبژاردووە (واتە: ئازادكردنی دیلەكانی جەنگ بەرانبەر بڕێك پارە) بە تایبەت ئەگەر دانایی و بەرژەوەندی و سیاسەتێكی ڕێكیان لەوەدا بینیبێتەوە، وەك صەڵاحەددینی ئەیوبی كوردی كردی لەگەڵ خاچ پەرستەكانی قودسدا ساڵی (583). پیاوان دە دینار، وئافرەتانیش پێنج دینار، منداڵیش دوو دینار.
خەڵكێكی زۆر زۆریشی بێ بەرانبەر ئازاد كرد، هەیان بوو شازادە بوو لە كچانی پاشا، لەگەڵ ژن ومنداڵێكی زۆردا، هەروەها قەشەكانیش.
ژمارەشیان زۆر بووە، تەنانەت ئیبن ئەسیر باسی جەنگی (حیتتین)ی مەزن دەكات، كە چۆن تێیدا خاچ پەرستان سەر شۆڕ بوون، ئەڵێت: تەماشای كوژراوەكانت بكردایە دەتووت كەس بە دیل نەگیراوە، تەماشای گیراوەكانیشت بكردایە، دەتوت كەس نەكوژراوە([1]).
دوای شەڕەكە صەڵاحەددین ڕۆیشتە نێو خێمەكەی خۆیەوە، ئەوەبوو پادشاكەیان دەهێنن لەگەڵ براكەی و هەروەها لەگەڵ «ڕێناڵد دی شاتیۆن» كە ناسراوە بە «بێرنس ئەڕنات» ئەمیری «كەرەك» كە لەناو ئەروپییەكاندا كەس وەك ئەو دژایەتی موسڵمانانی نەدەكرد! زۆر كینە لە دڵ و بێ گفت و پەیمان بوو، ئەمە بێجگە لە پەلاماردانی كاروانەكانی موسڵمانان و لەنێویشیاندا حاجییەكان. جا كە هێنایان شای لە تەنیشی خۆیەوە دانا، زۆر تینووی بوو خەریك بوو دەمرد (یەكێكیش لە هۆكارەكانی ئەو دۆڕانە گەورەش تینوێتیان بوو)، ئەوەبوو ئاوی ساردی پێدا، شاش لەشوێندەمەكەی خۆی بەشی «بێرنس»یدا، صەڵاحەددینیش پێی ناخۆش بوو، وتی: نابێت ئاوی من بخواتەوە با ئەمانی من نەیگرێتەوە، پاشان سەرزەنشتی زۆریكرد و باسی دانە بە دانە غەدر و خیانەت و ناپاكییەكانی كرد كە ئەنجامی دابوو، وتی: دوو جار نەزرم كردووە دەستم پێتگەیشت بتكوژم: جارێكیان كە پەلاماری مەككە و مەدینەتدا، جارەكەی تریش كاتێك ناپاكی و خیانەتت كرد. ئەوەبو هەر لەوێدا كوشتی([2])، شا ئەوەی بینی زیڕەی كرد، صەڵاحەددینیش وتی: هیچ مەترسە و لە ئەماندایت.
بریاڕی كوشتنی ئەو و هاوشێوەكانی كە نزیك دوو سەد كەس بوون([3]) لەناو هەزاران دیل بە شا و شازادە و پیاو و ژن و منداڵەوە، ئەوەیە -وەك ئیبن ئەسیر([4]) باسی دەكات-: ئەمانە شەڕ و خراپەیان بۆ موسڵمانان زۆر زۆر بووە، بۆیە ویستی موسڵمانان لە خراپەیان ڕزگاریان بێت.
بەڵگەش بۆ قسەكانم ئەوەیە یەكی پەنجا دیناری میسری دەدەن بەس ئازاد بكرێن، ڕازی نابێت. كەچی دیلەكانی تر بە دوو دینار وپێنج دینار وزۆرەكەی دە دینار ئازاد دەكات!
هەر بۆیە كاتێك صەڵاحەددین ئەمیری «جوبەیل» ئازاد دەكات مێژوونووسان بەیەكێك لە هۆكارەكانی لاوازبوونی موسڵمانانی دەزانن، چونكە بەناوبانگ بووە بە فێڵبازی و شەڕفرۆشی، ئیبن ئەسیر بەدرێژی ڕوونیدەكاتەوە و گلەیی و ڕەخنەش بە وتەكانییەوە دیارە([5]).
هەروەها كە پەلاماری «تیبنین» دەدات و ئابڵۆقەی دەخاتە سەر، داوای ئەمانی لێدەكەن، ئەمیش بە سینەپاكی خۆی ئەمانیان پێدەدات و، دەیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. كە ئەمەش دیسانەوە لەهۆكارەكانی لاوازبوونی صەڵاحەددین دەزانرێت. چونكە زیانیان زۆر بووە و مەترسی بوون بۆ سەر موسڵمانان.
هەروەها سەرۆكی سەركردە «میترانەكان»([6]) بە هەموو پارە و سامانەكەیەوە بە پێش چاوی موسڵمانانەوە دەرچوو و كەس دەستی بۆ درێژنەكرد. كە لای گاورەكان لە پادشاش پلەی بەرزتر بووە([7]). پارەیەكی ئەوەندە زۆری بردووە، مێژوونووسان دەڵێن: مەگەر خوا بزانێت چەند زۆر بووە، پێیان وت: بۆ ئەو پارەی لێوەرناگریت، وتی: غەدر و خیانەتی لێناكەم، ئەوەبوو لە دە دینارەكە زیاتری لێوەرنەگرت([8]).
لەگەڵ دەیان كەسدا كە سەركردەكانی سوپا تكایان بۆ دەكردن، ئەویش لێیان دەبوورا و بێ پارە ڕێی چۆڵ دەكردن.
لە هەموو شەڕەكانیشدا وەك مێژوونووسان باسی دەكەن ئەمانی داوە بە هەموو دانیشتووانەكە([9]).
هەروەها لەگەورەترین ئەم جۆرانە كە لەمێژوودا ڕوویدابێت، بریتیبوو لەئازادكردنی شای ئینگلتەرا شا ڕیچارد «دڵی شێر!» لە جەنگی خاچپەرەستەكاندا([10])([11]).
لە ڕاستیدا جوامێری صەڵاحەددینی دلێر، و شەهوتبازی ووەحشیگەری ڕیچارد زۆر لەیەكەوە دوورن و هی بەراورد نین، بەڵام ئەویان هۆڵیود خزمەتی كردووە و ئەمیان دۆستەكانی پشتیان لێكردووە، داد و سكاڵا بۆلای خوا دەبەین لەدەست عەلمانییە بێ ویژدانەكانی وڵاتمان!
هەروەها نورەددیی زەنكی كاتێك ئەمیری «ئەنتاكییە» دەستگیر دەكات، بەرانبەر پارەیەكی زۆر و دیلێكی زۆری موسڵمان ئازادی دەكات.
هەر كاتێكیش موسڵمانان توندیەكیان نواندبێت مەگەر بەرانبەر تووندی ئەوان و هاوشێوەكانی بووە، یان وتبێتیان ئەمانتان نادەین، مەگەر لەبەر ئەوە بووە ئەوان وایان كردووە.
نموونەی زیندووی لێبووردەیی بۆ كورد: صەڵاحەددینی ئەیوبیە -بە ڕەحمەت بێت-، كاتێك گاورەكان دەبینن دەرەقەتی سوپا موبارەكەكەی صەڵاحەددین نایەن، داوای ئەمان دەكەن، ئەویش سەرەتا ڕازی نابێت.
بۆ؟
دەڵێت: دەبێت وایان لەگەڵدا بكەم كە ئەوان لەگەڵ خەڵكی شاری قودس كردیان لە ساڵی 491 ك، لە كوشتن و دیلگرتن. پاداشتی خراپەكردنیش هەر خراپەیە([12]).
مەبەستی صەڵاحەددین 23ی شەعبانی ساڵی 491 ك دەكات، كە ئەروپییەكان ڕۆیشتنە قودسەوە([13])، بۆ ماوەی یەك هەفتە موسڵمانیان دەكوشت، زیاتر لە سەد هەزار([14]) موسڵمانیان كوشت تەنها لە قودسدا، ئەگەرنا لە مەعەڕرەدا سەد هەزار دیلیان كوشتووە([15])، كە بەخوا تەز و حەسرەت لە گیانمە دەینووسمەوە!
بەڵی ئەو شەڕانەی پێی دەوترێت «شەڕی خاچ پەرستەكان» وەك گەردەلولی وێرانكەر وابووە، وەك دڕندە وابوون، هیچیان بە ساغی نەدەهێشتەوە، لە تاڵان كردن و كوشتن و بڕین و كاولكردن لە ئەورپا ببوایە یان ئاسیا، منداڵ ببوایە یان گەورە، ئافرەت ببوایە یان پیاو، پەككەوتە ببوایە یان گەنج، بە كوشتن و بڕین و لەت لەت كردن و سوتاندن و گۆڕهەڵكەندن و ئیتر هەرچی تاوانی نەشیاو هەیە ئەنجامیان دەدا([16]). وەك گۆستاف لۆبۆن، فەیلەسوفی فەرەنسی ئەو شایەتیەی دا.
هەروەها گەورە مێژوونووسی بەریتانی «ستێڤین ڕۆنسیمان= Steven Runciman» دەڵێت([17]): «كاتێك بەرەبەیان «فەرماندە ڕیمۆند ئۆف ئەجیلیه» ڕۆیشت بۆ سەردانكردنی حەرەمی پیرۆز، پێویستی بوو شوێن پێی خۆی پاك بكاتەوە بە هۆی ئەو هەموو لاشە و خوێنەی كە تا ئەژنۆكان هاتبوون» پاشان دەڵێت: «جولەكەكانیش ڕایان كرد بۆ كڵێسا سەرەكییەكەی خۆیان، خاچپەرستەكان هیچ ڕەحمیان پێ نەكردن و ئاگریان پێوەنان و هەرچی جوو هەبوو لە ژوورەوە سوتاندنی»([18]).
پاشان دەڵێت: «بە دیاریكراوی نازانرێت ژمارەی كوژراوەكان چەندە، بەڵام ئەوەندە هەیە یەك موسڵمان و جولەكەی تێدا نەمایەوە بە زیندوویەتی».
ولا حول ولا قوە إلا بالله.
پاشان دەڵێت: «پێش ئەمە ئەكرا لە ڕووی سیاسیەوە گاورەكان قەبوڵ بكرایەن لەلایەن موسڵمانانەوە، بەڵام دوای ئەمە ئیتر بیر لە دەركردنی تەواوەتیان دەكرایەوە لە ناوچەكەدا...».
پاشان دەڵێ: «ئەم خوێنڕێژییەش بەڵگەی دەمارگیری مەسیحییەكان بوو كە تینیووی خوێن بوون، ئەمەش بووە مایەی دەرمارگیری موسڵمانان بۆ لەوەودوا»([19]).
لەم كارەشیان پەشیمان نەبوون، ئەوەتا گۆستاف لۆبۆن، كە پزیشك و مێژوونوسێكی فەرەنسییە و، یەكێكە لە بەناوبانگترین فەیلەسوفە ڕۆژئاواییەكان. بەشێكی بەنرخی كتێبی: «حضارة العرب»ی تەرخانكردووە بە ناونیشانی: «الرق فی الشرق= كۆیلایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا». بە وردی و بە ویژدانەوە باسی كۆیلایەتی دەكات لە وڵاتانی موسڵمان كە ئەو پێی دەڵێت ڕۆژ هەڵات، هەروەها ئەم پێی وا بوو موسڵمانان هۆكاری بەرەو مەدەنیەت وشارشتانیەت ڕۆیشتنی ئەوروپا بوون.
جا گۆستافی فەیلەسوف دەگێڕێتەوە لە یەكێك لە قەشە بەشدار بووەكانەوە دەڵێ: «بە جادە و گۆڕەپان و سەربانەكاندا چاویان دەگێڕا بۆئەوەی داخی دڵیان دەربچێت و لەو دیمەنە خوێناوییانە دڵیان ئاو بخواتەوە، وەك شێرە مێینەیەك بێچوەكەی لێ زەوتكرابێت، بەر ببوونە گیانی منداڵ و ژن و پەككەوتە، هەر كەسیان بەردەست بكەوتایە هەنجە هەنجە (پارچە پارچە)یان دەكرد، بۆ ئەوەی دوانەكەون بە یەك پەت چەند كەسیان دەخنكاند و، جەماعەتەكەی خۆشمان چیان بەردەستبكەوتایە دەیانبرد، تەنانەت سكی مردووەكانیان كەرتدەكرد بۆ ئەوەی زێڕی لێدەربهێنن! ئای لە چڵێسی و چاوچنۆكی و حەزی ئاڵتون؟! خوێنیش وەك ڕووبار بە كۆڵانەكانی شاردا ڕێیدەكرد، ئاخر كەسیان بڕوایان بە نەصڕانیەت نەبوو، پاشان هەموو دیلەكانیان هێنا، فەرماندە فەرمانی كرد هەموو لاواز و پەككەوتە و پیرەكانیان بكوژرێن، و گەنج و بە تواناكانیان ببرێن بۆ ئەنتاكیە تا لە بازاڕی كۆیلەكاندا بفرۆشرێن»([20]).
بەڵێ كۆڵانەكان هەمووی سەر و دەست و قاچی بڕاوی موسڵمانەكان بووە، بەسەر ئەم ڕوباری خوێنە ئەم دەستە بڕاوە ویستوویەتی بڕوات بۆ لای ئەو قاچە بێگانەكە و ئەم قاچەكەش هەروەها، تەنانەت بۆنەكەی سەربازەكانی بێزار كردووە([21]).
لەبەر ئەم كارە دڕندایە بەڵكو شێتانە -وەك هەندێك لە مێژوونووسانی خۆیان دەیڵێن- وای لە سەعدی شیرازی كرد بڵێت: ئەمانە شایستەی ئەوە نین پێیان بووترێت مرۆڤ!
بۆیە گۆستاف دەڵێت: وەك عومەریان نەكرد كاتێك چوونە قودسەوە!
جا ئەگەر سەرزەنشت كردنت بینی لە منەوە، پێم نەڵێی لە ئەكادیمی دەرچووە ولایەنگری دەكات، نا، قیزەونی ئەم كارە دژە مرۆییە ناهێڵێت بێ لایەن بیت، لە كۆتاییشدا ئێمەش مرۆڤین، ئەوەتا خودی گلیۆم صۆری دەڵێت: كاتێك باسی كارەكانیان دەكەیت لە مێژوونوس دەردەچیت و ئەبیتە سەر زەنشتكەریان([22]).
هەروەها ول ديورانت لەبارەی سوڵتان صەڵاحەددینەوە دەڵێت: كان في العادة شفيقاً على الضعفاء، رحيماً بالمغلوبين، يسمو على أعدائه في وفائه بوعده سموا جعل المؤرخين المسيحيين يَعجبون كيف يخلق الدين الإسلامي -الخاطئ في ظنهم- رجلاً يصل في العظمة إلى هذا الحد، وكان يعامل خدمه أرق معاملة، ويستمع بنفسه إلى مطالب الشعب جميعها، وكانت قيمة المال عنده لا تزيد على قيمة التراب، ولم يترك في خزانته الخاصة بعد موته إلا ديناراً واحداً؛ وقد ترك لابنه قبل موته بزمن قليل وصية لا تسمو فوقها أية فلسفة مسيحية.
هەروەها مێژوونووسی بیزەنطی (نيكتاس خونياتس) باسی میهرەبانی و لێبووردەیی سەڵاحەددین دەكات و باسی وەحشیگەری داگیركەرانی خاچپەرەست دەكات كە چیان كردووە لە كوشتن و بڕین و تاڵانی و ئەتككردن، بەڵام لەباسی صەڵاحەددین دەڵێت: "المسلمون أكثر رحمة من الصليبيين، فعندما استعادوا بيت المقدس عاملوا اللاتين بلطف ورقة، وحافظوا على حريمهم، ولم ينتهكوه، ولم يدنسوا على الإطلاق قبر المسيح، وحرصوا على عدم دفن موتاهم بجواره".
بەڵێ، باسی ئەوەمان كرد صەڵاحەددین بۆ ڕازی نەبوو ئەمانیان پێبدات.
پاشان تەنانەت نوێنەریان دێت بۆلای صەڵاحەددین دەڵێت ئەمانمان پێ دەدەیت ئەوە باشە، ئەگەرنا پێنج هەزار دیلی موسڵمانمان لەلادایە هەمووی دەكوژین، هەرچی ژن و منداڵمان هەیە ئاگری پێوە دەنیین و دەیسوتێنین، هەرچی مزگەوتی ئەقەسا و صەخرەكە و شوێنەكانی ترە هەمووی كاولدەكەین، هەرچی مەڕ و ماڵات و ئەسپ و ئاژەڵ هەیە هەمووی دەكوژین، چونكە دەمرین، شتێكیش نییە بە تەمای بین، جا ئەمانمان پێبدە، ئەویش دوای ڕاوێژكردن ئەمانیان پێدەدات.
لەكاتێكدا بێباوەڕان خۆیان زۆرجار گەواهی ڕەوشتبەرزی موسڵمانان دەدەن لە مامەڵەكردن لەگەڵیاندا كە زۆر باشترە لەوەی خۆیان، تەنانەت «جێمس ڕیستۆنی كوڕ = James Reston »، دەڵێت: مامەڵەی صەڵاحەددین نموونەیی بوو لە ئازاكردنی قودسدا. دەڵێت: «صەڵاحەددین تۆڵەی ئەوەی نەكردەوە كە گاورەكان كردیان لە شەڕی یەكەمدا لە ساڵی 1099ز، هەروەها پارێزگاری كرد لە كڵێسای قیامەت و كۆمەڵێك شوێنی دی مەسیحییەكان». هەروەها دەڵێت: «هەمووان ئەم لێبووردەییان لەیاد دەبێت»([23]).
هەروەها صەڵاحەددین كەسیانی نەكرد بەكۆیلە و، چل ڕۆژی دانا بۆ ئەوەی پارە دیاریكراوەكە بهێنن كە دە دینار بوو بۆ پیاو و پێنج دینار بۆ ژن و، دوو دینار بۆ منداڵ. ئەوەبوو پارەی هەموویانیاندا و كەس نەكرا بەكۆیلە([24]).
شایانی باسە زانا و شاعیرێكی ئەیوبی یا سەلجوقی شیعرێكی هەیە دەڵێت([25]):
مَلكْنا فكان العَفْو منَّا سَجيَّةً
فلمَّا ملكْتُمْ سالَ بالدَّمِ أبْطَحُ
وحَلَّلْتُمُ قتلَ الأسارى وطالَما
غَدوْنا عن الأسْرى نَعفُّ ونصفَح
فحسْبُكُمُ هذا التَّفاوتُ بيْنَنا
وكلُّ إِناءٍ بالذي فيهِ يَنْضَحُ
واتە:
كە دەستمان چوو خوێن لە پەنجەی دیلتان نەهات
كە دەستان چوو كۆڵان چۆڕەی خوێنی دەهات
حەڵالتان كرد دیل كوشتنیش عەیبتان نەهات
ئێمەش بووراین و زیاتریشمان لە دەست دەهات
سا با بەس بێت ئەمە جیاوازی بەینمان بێت
كورد واتەنی: گۆزە ئەوەی لێدەڕژێت كە تێیدا بێت
دەڵێت: كاتێك ئێمە موڵكمان گرتە دەست و ئێمە خاوەن بڕیاربووین، دادگەری و لێبوردەییمان لێدەوەشایەوە و ڕاست دەڕۆیشتین، بەڵام كە ئێوە دەسەڵاتتان گرتە دەست، خوێن بە ئەرزدا چۆڕەی دەهات، تەنانەت بەربوونە گیانی بەندكراو و دیلەكانیش، بەڵام ئێمە دیلەكانمان ئازادمان دەكردن و چاوپۆشیمان لێدەكردن. بەس بێت ئەو جیاوازییە زۆرە گەورەی نێوان ئێمە و ئێوە، ئێمە لێبوردەیی لە ناخماندایە، بۆیە ئەوەشمان لێ ئەڕژێت، ئێوەش بێڕەحمی و نامەردی لە ناختاندایە بۆیە ئەوەشتان لێدەڕژێ. عەرەبیش دەڵێن: گۆزە چی تێدا بێت ئەوەی لێدەڕژێت.
__________________________________
([1]) «الكامل في التاريخ» (10/26).
([2]) «الكامل في التاريخ» (10/26).
([3]) بە گوێرەی گەڕان وتوێژینەوە موتەوازیعەكانی بەندە، ئەو دیلانەی لە مێژووی ئیسلامدا كوژران، لە چاو ئەو هەمووەی ئازادكراون ئیتر بە بەرانبەر یان بێ بەرانبەر، ئەوا لە بەراورد نایەت ئەوەندە كەمە. هیچ ژیرێكیش نیە لەسەر ئەم ئەررزەدا بڕوای بەم «جۆرە» كوشتنانە نەبێت سەرباری خیلافیش لە وردەكاریەكەی.
([4]) كە بریتین لە: داویەكان وئیسبیتاریەكان. «الكامل في التاريخ» (10/27).
([5]) گرنگی هێنانی ووتەی ئیبن ئەسیر لەم بارەوە لەوەدایە لەو كاتەدا ژیاوە. هەندێك جاریش باسی ئەوەش دەكات لاشەی سەربازەكانیشی بینیووە.
([6]) بڕوانە: «الكامل في التاريخ» (10/31)، و(10/41).
([7]) بریتیە لە سەرۆكی سەركردەی ئەسقوف (میتران)ەكان (رئيس رؤساء الأساقفة)، جياوازە لە «بطريق= Patricien»، بريتيە لە ئەندامە ڕەسەنەكانی ئەو خێزانەی كە شەریفەكانی ڕۆمانی لێ پێك هاتبوو یان منداڵەكانیان. بڕوانە: «الرق في الإسلام» (ص: 25).
([8]) بڕوانە: «الكامل في التاريخ» (10/33)، و(10/37).
([9]) ئەگەر تەماشای دەروونی صڵاحەددین وپاكی سنگی وهەڵسوكەوتی لە جەنگەكانیدا بكەیت، وئەو هەموو لێ خۆش بوون وئەمان پێدان وچاو پۆشی كردن ولێ بوردنەی سەرنج بدەیت، كە زۆر جار بە زیان بە سەریدا شكاوەتەوە، لەگەڵا خوێندنەوەی وتەكانی مێژوو نووسان لەو بارەوە، ئینجا تێڕا بمێنی لە هەل ومەرجەكانی ئەو سەردەمە وجەنگەكان، ئەوسا بۆت ڕوون دەبێتەوە، بۆچی لە میسردا بە كەسی سادە وبێ فێڵا، دەڵێن: كورد.
([10]) «الكامل في التاريخ» (10/ 32): «لِأَنَّ صَلَاحَ الدِّينِ كَانَ كُلَّمَا فَتَحَ مَدِينَةَ عَكَّا وَبَيْرُوتَ وَغَيْرَهُمَا مِمَّا ذَكَرْنَا أَعْطَى أَهْلَهَا الْأَمَانَ».
([11]) «معجم البلدان» (7/171).
([12]) «معجم البلدان» (10/35).
([13]) بۆ ئەوەی بزانی ئەم سوپا لە ڕێگاشدا چەند ستەمی كردووە وخەڵكی بە ناهەق كوشتووە، تەنانەت لە گاورەكانیش، بڕوانە: «حضارة العرب» (ص: 335) وما بعدها، مؤسسة هنداوی. هەر لێرەدا گۆستاف وەسفی ئەو سوپا دەكات بە لە وەحش بێ عەقڵتر. وئەڵێ جیاوازیان نەكردووە لە نێوان هاوپەیمان ودووژمن، وبێ تاوان وتاوان بار وشەڕ كەر لەگەڵا ژن ومنداڵا وپیر ومەدەنی، شەلم كوێرم ناپارێزم ماڵی خەڵكیان تاڵان دەكرد. ئەشڵێ: مێژوونووسە گاورەكان خۆیان گەواهی ئەم ڕاستیە دەدەن. (ل: 336).
([14]) ينظر: «حضارة العرب» (ص: 338)، و«الكامل» وسيأتي.
([15]) «حضارة العرب» (ص: 338).
([16]) «أسرى الحرب» (ص: 129).
([17]) «تاريخ الحروب الصليبية» (1/404).
([18]) بۆ ئەوەی بزانن ئەمە جێ بە جێ كردنی ئایینی مەسیحیەتە یان نا؟ بڕوانە ئەم دەقەی ئینجیل: «لاَ تَظُنُّوا أَنِّي جِئْتُ لأُرْسِيَ سَلاماً عَلَى الأَرْضِ، مَا جِئْتُ لأُرْسِيَ سَلاَماً، بَلْ سَيْفاً. فَإِنِّي جِئْتُ لأُفَرِّقَ الإِنْسَانَ ضِدَّ أَبِيهِ، وَالْبِنْتَ ضِدَّ أُمِّهَا، وَالْكَنَّةَ ضِدَّ حَمَاتِهَا. وهَكَذَا يَصِيرُ أَعْدَاءَ الإِنْسَانِ أَهْلُ بَيْتِهِ!». «العهد الجديد: إنجيل متى» (10: 34-36». هەروەها بڕواننە: «تاريخ الحروب الصليبية» (1/431)، لەگەڵ: «دور الفقهاء والعلماء المسلمين في الشرق الأدنى في الجهاد ضد الصليبيين خلال الحركة الصليبية» (ص: 238)، د. آسيا سليمان نقلي، مكتبة العبيكان، الطبعة الأولى، 2002، جا لە ئەوانە بڕوانن بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئیشیان بە خەو كردووە، واتە: عیسا یان چاكانیان لە خەو پێی وتوون: هێرش بەرن، بردوویانە، یان پاشەكشە بكەن، كردوویانە... هتد، ئەگەر چی تا ئێستاش هەر ئەمەیان ماوە، مەگەر جۆرج بۆش نەیوت عیسا لە خەوندا پێی وتم هێرش بكە سەر عێڕاق.
بڕوانە: «هەڵسەنگاندنی وتەكانی فەلسەفەخوازێك، گفتوگۆیەك لەگەڵا فاروق ڕەفیق دا»، هی نووسەر: www.ali-xan.com/ktebxana/33
هەروەها بۆ ئەوەی بزانیت ژمارەیان ملیۆنێك بووە كەوتوونەتە ڕێ، بۆ تا گەیشتن كەمیان كرد بۆ بیست هەزار؟ بڕوانە: «حضارة العرب» (ص: 337).
([19]) «تاريخ الحروب الصليبية، من كليرمونت إلى أورشليم» (1/435)، ستيفن رانسيمان، ترجمة: نور الدين خليل، الطبعة الأولى، 1994.
([20]) «حضارة العرب» (ص: 337).
([21]) «حضارة العرب» (ص: 338).
([22]) «حضارة العرب» (ص: 340).
([23]) «مقاتلون في سبيل الله: صلاح الدين الأيوبي وريتشارد قلب الأسد والحملة الصليبية الثالثة»، جيمس رستون الإبن، ترجمة: رضوان السيد، مكتبة العبيكان، 2002، الطبعة الأولى - الرياض.
([24]) «الكامل في التاريخ» (10/36).
([25]) ديوان أبي الفوارس، (3/404) رقم القصيدة: (655) قاله على لسان العلويين.
- زەخیرەکردن
- 3 هەفتە لەمەوپێش
- 357 جار بینراوە