مەقالەکان

قەدەغەكراوەكانی ئیحرام چین؟ و فیدییەكانیان

علی خان

 

نووسینەوەی

 

کوردستان فایەق

 

 

پرسیار: قەدەغە کراوەکانی ئیحرام چین؟ ئەی فیدیەكەی چییە؟

 

وەڵام: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە و پێویستە هەموو حاجییەك بیزانێت، ئەویش ئەوەیە: قەدەغەكراوەكانی ئیحرام چین؟

 

سەرەتا کاتێك دەڵێم: «قەدەغەکراوەکانی ئیحڕام»، واتە: لەو ساتەوەی حاجی نییەتی دەستپێکردنی عیبادەت دەهێنێت، یان لەو ساتەوەی دەڵێت: «لبیك اللهم عمرةً» یان: «لبیك اللهم حجـًا»، یان «لبیك اللهم عمرةً وحجـًا»، لەو ساتەوە، ئەم قەدەغەكراوانەی باسی دەكەین لێی قەدەغە دەبێت تا ئەو ساتەی خۆی لە ئیحڕام دەکاتەوە بە سەرتاشین یان كورت كردنەوە. ئیتر لە عەرەفە بیت، لە موزدەلیفە بیت، لە مینا بیت، لە طەواف بیت، لە صەفا و مەڕوە بیت، لە ئوتێلەکەی خۆت خەوتبیت، مادام لەئیحڕامدا بیت، هەموو ئەمانە قەدەغەیە بیکەیت.

 

جا قەدەغەكراوان حەوت جۆرن:

 

یەکەم : جلوبەرگ:

 

سەرەتا موحریم (واتە ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە) دوو جۆرن: پیاو و ئافرەت.

 

ئەگەر هاتوو پیاو بوو، ئەوا حەرامە بۆی سەری دابپۆشێت، یان بەشێكی سەری دابپۆشێت بە هەر شتێك بە داپۆشەر دابنرێت، ئیتر مفصل بێت (واتە بە قەبارەی ئەندامەكە بێت) یان نا، چونكە ئیحرامی پیاو لەسەریەتی چۆن ئیحرامی ئافرەت لە دەموچاوییەتی، جا بۆیە: حەرامە مێزەر، کڵاو، سەرپۆش، جەمەدانیی، شماغ، یان هەرشتێكی تری هاوشێوەیان ئیتر بە دەست دووراو بێت یان نا، یان بیپێچێتەوە جائیز نییە، مەگەر برینی هەبێت، ئەگەر برینی هەبوو برینەکە لەسەری بوو و سەری بەستەوە لەبەر برینەکە ئەو کاتە تاوانی ناگات بەڵام دەبێت فیدیە بدات، ئەگەریش هاتوو برینەکە لەسەری نەبوو ئەوە لە مەزهەبی شافیعی و كۆمەڵێكی تریشدا هچی لەسەر نییە.

 

بە کورتی نابێت سەری دابپۆشێت بە هیچ داپۆشەرێك، بەڵام هەر شتێك پێی نەوترێت داپۆشەر ئەوە هیچ تێدا نییە و درووستە، بۆ نموونە: چەترە ئاساییەكان كە بە دەستەوە دەیگرێت، یان مێزەرێك بكاتە سێبەری بۆ خۆی، یان قوتێك بخواتەوە لە ئاوێکدا، یان بچێتە ناو سەیارەوە، یان بچێتە ژێر دارێك، ئەم شتانە هیچی تێدا نییە تەنانەت ئەگەر ئەم شتانە بەر سەریش بكەون، ئەمە وتەی صەحیحی زانایانە ٳن شاء اللە تعالی.

 

هەروەها ئەگەر دەست بخاتە سەر سەری هیچی تێدا نییە، یان سەرئێشەیەکی هەبوو بە دەزوویەك یان پەتێك سەری تووند بکات، هیچی تێدا نییە، لەمەشەوە دتوانرێت بوترێت ئەو چەترە بچوكانەی كە لەسەر دەبەسترێن و بە پەتێك لە دەوری سەر تووند دەکرێن، درووستن.

 

سەبارەت بە چەتر، ئەمڕۆ جۆرێك هەیە وەکو کڵاو دەکرێنە، ئایا درووستە؟

 

لە وەڵامدا دەڵێین: دوو جۆر چەتر هەیە وەکو کڵاو دەکرێنە سەر بە پێی ئاگاداری من

 

جۆری یەکەمیان: ئەوەیە بە شتێكی وەك پەڕۆ و یان لاستیك و هاوشێوەكانی كە ئەوەندەی 5 سم یان زیاتر پانە، لەسەری دەبەستێت، چەترەكە بەوە خۆی ڕادەگرێت، بەرزییەكەشی نزیكەی ٤٠ سم ە.

 

دووەمیان: لەناو قەدەوە تۆند دەکرێت و بەشتەوە بەرز دەبێتەوە بێ ئەوەی هیچ بەشێكی بەر سەر بكەوێت، لەڕێگەی پلاستیكێكی تایبەتەوە چەترەكە بەرز دەكاتەوە بۆ سەرووی سەرت، بەرزییەكەی ٤٠سم ە.

 

ئەم جۆری دووەمیان، جۆرە تازەکەیە ٳن شاءاللە گومانی تێدا نییە جائیزە.

 

بەڵام دەمێنێتەوە جۆری یەکەمیان، زانا هاوچەرخەکان ڕاجیاوازن لەبارەیەوە، هەندێکیان ڕێگری لێ دەکەن  وەك لیژنە دائیمە و هی تریش.

 

کۆمەڵێك تریش ڕێگەی پێ دەدەن، بەڵام دوای ورد بوونەوە و لێکۆڵینەوە بەبارەیەوە و ڕاوێژكردن لەگەڵ زانایان لەو بارەوە واللە أعلم وا دەرەکەوێت ناشەرعییەکی تێدا نەبێت، بۆیە هەر کەسێك ئەو چەترەی بەكارهێنا هیچ تاوان و فیدیەی لەسەر نییە.

 

بەڵام بەكاری نەهێنێت و چەترە دەستییەكان یان چەتری جۆری دووەم بەكار بهێنێت، بێگومان ئەوە چاکتر و باشترە لەبەر ئەوەی کۆمەڵێك لە زانایان بە محظورات ی ئیحڕامی دادەنێن.

 

بەڵام ئەگەر کەسێك کردی هیچی لەسەر نییە نە تاوان نە فیدیە إن شاء الله.

 

هەروەها درووستە پیاو جانتاكەی و هاوشێوكانی لەسەر سەری هەڵبگرێت.

 

ئەگەر هاتوو سەری چەور کرد و ڕووپۆشی كرد بە مەرهەمێك، بە زەیتیك، ڕۆنێك، ئەگەر تەنك بوو هیچی لەسەر نییە، خۆ ئەگەر ئەستوور بێت داپۆشەر بێت ئەوا فیدیەی لەسەرە لەسەر ڕای صەحیح.

 

ئەوەشی وتمان درووستە بەو مەرجەیە بۆندار نەبێت.

 

ئەمە داپۆشینی سەر.

 

بەڵام جگە لە سەر، وەك دەموچاو و باقی لاشە، ئەوە حەرام نییە دایبپۆشێت بە ئیزار و ریدائێك.

 

کاتێکیش دەڵێین جل وبەرگ قەدەغەیە مەبەستمان ئەو جلوبەرگەیە بەگوێرەی قەبارەی لاشە یان ئەندامەكە بێت، دەوری بدات، ئیتر بە دروومان بێت یان شتێكی دی وەك قەمیس (كراس)، و جبە و قەپوت و شەڕوال و تراكسوت و سێ چارەك و بیجامە و شۆرت و بلوز و فانیلە وتیشێرت و قەمصەڵە و پاڵتاو و قەپوت و قات و چاكەت و ژێر فانیلە و ژێر شەرواڵ و دەرپێ و هاوشێوەكانیان. هەموو ئەمانە قەدەغەن.

 

ئەمانەی کە وتم حەرامە، جیاوازی نییە ئەگەر لە پێست بێت، لە لۆکە بێت، لە لاستیك بێت، یان هەر ماددەیەکی تر، هەموو ئەمانە ڕێگری لێ دەکرێت.

 

هەروەها درووستە نەعل و شەحاتە بپۆشێت بەو مەرجەی پەنجەكان و پشت پێ و سەرووی پێ و قوولەپێكان بە دەرەوە بن.

 

بەڵام ئەو پێڵاوەی قولەپێ (قاپەڕەقە) دابپۆشێت بە ئیجماع جائیز نییە، كۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکەی لەسەرە.

 

ئەگەریش قولەپێ دانەپۆشێت و پەنجەکان بەدەرەوە بن و پشتی پێ بە دەرەوەبێت، ئەوا بە ئیجماع جائیزە

 

ئەمێنێتەوە ئەوەی کە قولەپێ بە دەرەوەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا هەموو پێ دادەپۆشێت وەک قۆندەرە و كالە ئەو جۆرانەی دی كە لەو چەشنەن، ئەوە وتەی صەحیح ئەوەیە جائیز نییە و ئەمەش لەسەر ڕای جمهور بە پێچەوانەی حەنەفییەكانەوە و ئیبن تەیمیە لە حەنبەلییەكان و ئیبن باز لە زانایانی سەردەم[1].

 

هەر کام لەمانەی باسمان کرد کە وتمان نابێت بیپۆشیت ماوەکەی کەم بێت یان زۆر بێت یەکسەر فیدیەی دەکەوێتە سەر.

 

ئەوانەی سەرەوە كە قەدەغە بوون لە كتێبی زانایانی كۆندا پێی دەوترێت: «المخیط»، وە یەكەممین كەسیش ئیبراهیمی كوڕی ئەدهەم بووە كە بەكاری هێناوە. مەبەستیش پێی دروومان نییە!

 

خۆ ئەگەر دەوری ئەندامەکەی نەئەدا یان ئەندامەکەی دەرنەئەخست، ئەوە درووستە ئیتر با دووراویش، بۆ نموونە: درووستە موحرم كراس و جبە بدات بە خۆیدا، بپێچێت بەخۆیەوە، وەك بەتانی و لێفە لە كاتی خەوتندا، یان عابا بدات بە خۆیدا نەك بیپۆشێت. یان شەڕواڵێك نەک بیكاتە پێی، بەڵكو بیپێچێت بە دەوری خۆیدا و هاوشێوەکانی ٳن شاء اللە تعالی گوناهی ناگات.

 

هەروەها لەو شتانەی کە گرنگە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە هیچی تێدا نییە ناوقەدی تووند بکات بە قاییش یان پشتێن و هاوشێوەكانی، ئەوەی کە خڵك پارە و شتی تێدەکەن. یان بە بەندوخوێنێك ناوقەدی تووند بکات، ئەوە جائیزە.

 

هەروەها عەینەك لە چاوکردن و ئەنگوستیلە لە دەستکردن، هەموو ئەومانە هیچی تێدا نییە.

 

هەروەها درووستە ئیزارەكەی گرێ بدات و بە پەتێك لەسەری تووندی بكات، هەروەها دەتوانێت هەردوو سەری ریدائەكەی بكاتە نێو ئیزارەكەی.

 

بەڵام جائیز نییە هەردوو سەری ریدائەكەی گرێ بدات، یان دووگمە و قۆپچەی بۆ درووست بكات، یان بە دەمبوس و سنجاخ و تەوقە و قەراسە و گیرە بیانبەستێت بە یەكەوە.

 

هەروەها بە دەزوویەك ئەمسەر و ئەوسەرەكەی گرێ بدات بەیەكەوە، وە حەنەفییەكان و ئیبن تەیمیە و لە شافعییەكانیش جوەینی ئەمەیان پێ درووستە. بەڵام ئەمە دژی دەقی وتەی شافعییە و پێچەوانەی ڕووكەشی فەرموودەكانە. هەروەها لە عەبدوڵای كوڕی عومەرەوە هاتووە گرێدانی ریدائی پێ حەرام بووە.

 

ریداء ئەوەیە لەسەر شانەوە دەپۆشرێت بەرەو خوارەوە، ئیزار ئەوەیە کە لەناوکەوە دەپۆشرێت بەرەو خوارەوە.

 

جا ئەوەی ڕاستە ئەوەیە بە قولاپ یان دەبوسێك، یان سنجاقێك، یان قردێلەیەك، یان بەگرێدانێك و بەهاوشێوەکانی نابێت بۆ ریداء بەكار بهێنرێت.

 

پەیامبەری خواﷺ نەهی کردووە لەهەر جل و بەرگێك کە مخیط بێت، وتمان ئەوەیە کە مفصل بێت و لاشە یان ئاندامەکە دەربخات یان دەوری ئەندامەکە بدات و بە خودی خۆی بوەستێت، ئیتر بەدروومان بێت یان نا وەکو قەمیس و كراس و شەڕواڵ و دشداشە و هاوشێوەکانی و بەکارهێنانی قرتێلە سنجاخ و قولاپ و هەر شتێکی تر لەو شتانە و هاوشێوکانی ئەگەر بێت و لەئەوەی سەرەوە بێت ئەوەی ریدائەکە جائیز نییە لەلای جمهووری فقهاء بەڵکو هەرچوار مەزهەبەکە بەحەنەفییەکانیشەوە، بەڵام هەرسێکیان (مالکی وشافعی و حەنبەلییەکان) دەڵێن دەبێت فیدیە بدات، حەنەفییەکان دەڵێن خراپی کردووە بەڵام فیدیەی لەسەر نییە.

 

کەواتە كۆدەنگن هەر چواریان كە نابێت.

 

وە لەلای هەرسێکیان دەبێت فیدیە بدات.

 

بۆچی؟ لەبەر ئەوەی دەڵێن وات لێکردووە ببێتە مفصل.

 

كۆمەڵێكی تر لە زانایانی شافعی گرێدان و سنجاق و هاوشێوەکانی بەکاربهێنی بۆ ریداء، وتوویانە جائیزە، لەوانە هەندێك لەزانا شافعییەکان هەروەها لە حەنبەلییەکان ئیبن تەیمیە و لە معاصرین ئیبن عثیمین، ئەمانە وتوویانە جائیزە، دەڵێن لەبەر ئەوەی لەمانای مفصل نییە، بەڵام جمهووری زانایان دەفەرموون: مانای مفصلە، لەبەر ئەوەی کاتێك تۆ ئەوەت لێدا وەکو مفصلی لێدێت، لەگەڵ قەمیسێکدا جیاوازی نامێنێت! و وەسفی لاشەت دەكات.

 

بەڵام ئەگەر هاتوو بۆ ئیزار بوو، هیچی لەسەر نییە، تا عەورەتی دەرنەکەوێت، یان بۆ ئەوەی ئیحڕامەکەی تووند بکات، یان بۆ ئەوەی نەکەوێتە خوارەوە، جا ڕێگەی پێدراوە.

 

ئەمەشی کە وتم بۆ پیاوە و ئافرەت ناگرێتەوە، ئیبن عەبدولبەڕ دەڵێت: «جائیز نییە هیچ شتێك لە مخیط بپۆشێت واتە پیاوان ئەمە لەلای هەموو زانایان، هەر وەکو چۆن کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە مەبەست پێی پیاوانە نەك ئافرەتان». ت.و.

 

سەبارەت بە ئافرەت، دەموچاو دەرهەقی ئافرەت وەکو سەر وایە دەرحەق بە پیاو، جا سەر و هەموو لاشەی بە مفصل دادەپۆشێت جگە لە دەموچاوی نەبێت. وە هەموو جۆرە جلوبەرگێکی بۆحەڵاڵە، ئەوەی پێش ئیحرام بۆی جائیز بووە ئێستاش بۆی حائیزە.

 

هەروەها سەرپۆشی ئافرەت لەسەر سەریشی ناوەستێت مەگەر ناوچاوانیشی بەردەکەوێت، ئەوە درووستە، ڕاستە وتمان دەموچاوی داناپۆشێت، بەڵام کە سەرپۆشەکەی بەشێكی ناوچاوانی دادەپۆشێت هیچی تێدا چونكە نییە بۆ قایمکردن و تووند و تۆڵکردنی سەرپۆشەکەیەتی.

 

بەڵا ئەگەر ویستی دەتوانێت پارچە تەنكێك شۆڕ بكاتەوە بەسەر دەموچاویدا بە بێ بەركەوتن، بە داریك یان كڵاوێكی سەری ڕایدەگرێت.

 

جا ئافرەت دەتوانێت پارچە پەڕۆیەکی تەنك بدات بەدەموو چاویدا ئەگەر ویستی پیاوان نەیبینن و هیچی لەسەر نییە بەمەرجێك ئەو پارچە پەڕۆیە بەر دەمووچاوی نەکەوێت.

 

کاتی خۆی زاناکان باسی دارێك دەكەن بۆ ڕاگرتنی، بەڵام ئەمڕۆ جۆرە کڵاوێك هەیە پانە پێش و بەشێك لە دەوری پێشەسەر دەگرێت، ئەم پەڕۆیە لە ژێر ئەو کڵاوە شۆڕ دەكەنەوە بەبێ بەركەوتن دەموچاو دادەپۆشێت، بەلام دەبێت بە دەستیشی ئاگای لەو پەڕۆیە بێت نابێت بەر دەموچاوی بکەوێت، چونکە لەلای شافعییەکان و جگە لەوانیش، ئەمەشە كە ڕووكەشی حەدیسەکانی پەیامبەر ﷺ دەیخوازن كە ئەگەر ئەو پارچە بەر دەموچاوی بکەوێت فیدیەی دەچێتە سەر، مەگەر هەوایەك -بۆ نموونە- بە بێ ویست لایبدات، بەلام هەر کە بەر دەموچاوی کەوت یەکسەر لایدەبات. خۆ ئەگەر وای نەكرد و نیقابی دا ئەو کاتە فیدیەی دەکەوێتە سەر بەلام گوناهبار نابێت ئەگەر لەبەر سەرما، گەرما، مەترسی فیتنە، ئافرەتێکی جوان، جا ئەگەر لەبەر پێویستی بوو گوناهی ناگات بەڵام دەبێت فیدیە بدات.

 

هەروەها نە پیاو و نە ئافرەت نابێت دەستکێش بکەنە دەستیان، ئەمەش مەزهەبی جمهووری زانایانە، شافعی و حەنبەلی و مالیکییەکانیش، چونکە ڕەسولی خوا ﷺ نەهی کردەووە لە ئافرەتان لەکاتی ئیحڕامدا دەستکێش بکەنە دەستیان، ئەگەر پیاو یان ئافرەت دەستکێشی کردە دەستی ئەوە دەبێت فیدیە بدات.

 

پاشان دوای ئەو ڕوونكردنەوانە بزانە:

 

ئەوەی كە باسمان كرد سەبارەت بە حەرامێتی پۆشینی پۆشاك و داپۆشین، ئەمە ئەو كاتەیە ئەگەر عوزر و بیانوو نەبوو، جا ئەگەر پۆشاكی پۆشی یان ئەوەی داپۆشی كە وتمان نابێت دایبپۆشێت، ئەوە تاوانبار دەبێت و، فیدیەی دەكەوێتە سەر.

 

كەسی عوزرداریش چەند جۆرێكە:

 

یەكێكیان: ئەگەر كابرا پێویستی بوو سەری دابپۆشێت یان پۆشاكێكی قەدەغەكراو لەبەر بكات بەهۆی سەرما یان گەرما یان چارەسەر و تەداوی و هاوشێوەكانی یان ئافرەت پێویستی بەوەبوو دەموچاوی دابپۆشێت ئەوا درووستە بەڵام فیدیەی دەکەوێتە سەر.

 

دووەم: ئەگەر كەسێك ریدائی دەست نەكەوت و كراسێكی دەستكەوت، درووست نییە بیپۆشێت بەڵكو دەیپێچێت بە خۆیەوە، ئەگەریش ئیزاری دەست نەكەوت و شەڕواڵی دەستكەوت درووستە بۆی بیپۆشێت و فیدیەشی لەسەر نییە با ئەگەر بیدڕێنی ئیزارێكی لێ دەربچێت. بەڵام كەی ئیزاری دەستكەوت دەبێت شەڕواڵەكە دابكەنێت.

 

سێیەم: ئەگەر کەسێك نەعلی دەست نەکەوت یان شەحاتەی دەست نەکەوت، ئەوا درووستە پێڵاو و قۆندەرە و کالە و هاوشێوەكانیان لەپێ بکات و فیدیەی لەسەر نییە بەمەرجێك قولەپێکانی بە دەرەوە بێت. بەڵام کەی شەحاتە یان نەعلی دەست کەوت دەبێت، ئەگەر داینەکەند ئەوا دەبێت فیدیە بدات.

 

مەبەستیشم لەدەست نەکەوتن ئەوەیە بگەڕێت دەستی نەکەوێت یان لەشوێنێك بێت پارەی ئەوەی نەبێت بیکڕێت و هاوشێوەکانی.

 

هەموو ئەمانە بریتی بوون لە جۆری یەکەم کە بریتیە لە پۆشاك.

 

جۆری دووەم: بۆن (عەتر)

 

پیاو یان ئافرەت هەر كە ئیحرامی كرد ئەوا حەرام دەبێت بۆن بدات لە لاشەی یان جلوبەرگەکەی یان جێگاکەی، كە بریتییە لەوەی نیازی بۆنخۆشکردنی تێدا دیار بێت، ئەگەرچی مەبەستی تریش هەبێت، ئەمەش هەموو جۆرە بۆنێك دەگرێتەوە.

 

جا ئەگەر هاتوو مەبەستی بۆن تێیدا ئاشكرا نەبوو، ئەوا جائیزە، بۆ نموونە: بۆنی سێو، پرتەقاڵ، نارنج، دارچین، هێل و بەهاراتەکان و هاوشێوەکانیان، ئەمانە جائیزن، لەبەرئەوەی ئامانج لێیان بۆنەکە نییە.

 

بەڵام سەبارەت بە ڕۆن و چەوریی، دوو جۆرن:

 

یان چەورییەكە بۆنی لەگەڵدایە یان بێ بۆنە.

 

ئەگەر بۆنی تێكەڵ نەبوو، ئەوا حەرام نییە وەك زەیت و ڕۆنی ئاسایی و مەرهەم و هاوشێوەكانی لە بێ بۆنەكان خۆی پێ چەور بکات، ئەوا درووستە بۆ جگە لە سەر و ڕیش لەمەزهەبی ئیمامی شافعی، هەندێکی تر لە زانایان وەك حەنبەلییەكان دەڵێن: مادام بۆنی تیێدا نەبێت سەر و ڕیشیش کێشەی نییە. ‌ئەم بۆچوونەش قوەتێکی تێدایە.

 

بەڵام ئەگەر بۆنخۆشكرابوون: وەك مەڵهمەمێك یان کرێمێك و هاوشێوەکانی بۆنخۆش کرابوو، ئەوا حەرامە بەکاربهێنرێت لە هەموو لاشە و سەر و ڕیش و جلوبەرگ و هاوشێوەکانی.

 

هەروەها ئەگەر بڕواتە دوکانی عەتر فرۆشێکەوە بۆنی عەترەکە بێت بە سەریدا ئەوە حەرام نییە و فیدیەشی لەسەر نییە، نەك بڕوات بۆ ئەوەی بۆن بێت بە سەریدا. یان بۆ حەڕەم دەڕوات بە لای عەتر فرۆشێکدا تێپەڕ دەبێت و بۆنی دێت بە سەریدا، جا مادام مەبەستی ئەم بۆنی عەتركردن نەبێت، هیچی لەسەر نییە. ئەگەر مەبەستیشی بێت ئەو کاتە کەڕاهەتی هەیە و فیدیەی لەسەر نییە.

 

هەروەها نابێت بۆنی گوڵ بکەیت، ئەگەر بۆنی گوڵ بکەیت ئەوە وەك بۆن لەخۆدان وایە.

 

هەروەها ئەگەر لەسەر جێگەیەك بخەویت یان دابنێشیت کە بۆن خۆشکرابێت یان بۆندار بێت یان لەسەر زەوی عەتری لەسەر ڕژابێت یان بۆنی عەتری لێبێت، وە بۆنەکە بەر لاشەی بکەوێت، ئەوە تاوانبار دەبێت و فیدیەشی دەکەوێتە سەر.

 

خۆ ئەگەر لەسەروویەوە پارچەیەكی دا بەسەریدا پاشان دانیشت لەسەری، یان خەوت، ئەوا فیدیەی لەسەر نییە، ئەگەریش پارچەكە تەنك بێت كەڕاهەتی هەیە، ئەگەریش بە نەعلەكەی پێ بنێت بەسەر بۆنێكدا فیدیەی دەكەوێتە سەر.

 

بشزانە: هەموو ئەمانەی لەبارەی بۆنەوە وتمان قەدەغەیە و فیدیەی تێدایە، ئەو كاتەیە كە بە ئەنقەست بەكاری بهێنێت، خۆ ئەگەر لەبیری چوو لە ئیحرامدایە یان نەیزانی بۆن حەرامە، یان نەیزانی بەو شێوە دەبێتە بەكارهێنان و نابێت، یان زانی حەرامە بەڵام نەزانێت ئەو شتەی بەكاری دەهێنێت بۆنە، یان زۆری لێكرا ئەوا نە تاوانە و نە فیدیەشی لەسەرە، هەروەها هەمان حوكمی هەیە ئەگەر دەست بۆ شتێك ببات وا بزانێت ئاوە، بەڵام كە دەستی لێدەدات سەیر دەکات عەترە، هەموو ئەمانە فیدیە واجب نییە لەسەری.

 

خۆ ئەگەر بۆنی بەكارهێنا، ئەوا فیدیەی دەکەوێتە سەر، بەڵام واجبە لەسەری یەکسەر بۆنەكە لابدات، ئەگەر لای نەدا و دووبارە لە شوێن و کاتێکی تر بۆنی بەكارهێنایەوە ئەوا دەبێت فیدیە دووبارە بداتەوە.

 

هەروەها ئەگەر بۆنی بەركەوت بە یەكێك لەو شێوازانەی كە حەرام نەبوو و فیدیەشی لەسەر نەبوو و باسمان كرد، ئەوا واجبە لەسەریەتی یەکسەر لای بدات، خۆ ئەگەر لای نەدات و تەمبەڵی و خاوە خاو بكات، ئەوا سەرپێچی کردووە و تاوانبارە و فیدیەشی لەسەرە.

 

ئەگەریش خۆی بە دەستی خۆی لایبدات، درووستە.

 

جۆری سێیەم: چەورکردنی سەر و ڕیش:

 

حەڕامە لەسەر پیاو کەسەر و قژی چەور بکات ئیتر بۆندار بێت یان بێ بۆن بێت لە مەزهەبی شافعییەکان و پێشتریش باسم كرد.

 

ئەگەر هاتوو کەسێك پێش ئەوەی ئیحڕام بكات سەری تەواو تاشی بوو، ئەگەر سەری چەور بکات، ئەوە فیدیەی دەكەوێتە سەر، بەڵام ئەگەر سەری هەر خۆی بێ تووك (كەچەڵ) بوو، ئەوا فیدیەی لەسەر نییە، بەڵام بۆ لاشە درووستە.

 

جۆری چوارەم: سەرتاشین و نینۆكگرتن:

 

حەرامە حاجی یان عومرەكار، ئەگەر لە ئیحڕامدابوو مووی لابدات بە تاشین یان بە کورتکردنەوە، یان بە هەڵکێشان، یان بەسووتان، یان جگە لەوانەش، ئیتر مووی سەر بێت، یان مووی بنباڵ، یان مووبەر، یان مووی پاش، یان مووی شوارب و مووەکانی تری لاشە هەر هەمووی هەمان حوکمی هەیە.

 

هەروەها نینۆك گرتنیش وەکو لابردنی موو وایە حەرامە، بە گرتن بێت، یان هەڵکەندن، یان شکاندن، یان بەشێکی ببڕیت، هەر کام لەمانە بکەیت ئەوا تاوانباریت و فیدیەشت دەکەوێتە سەر.

 

ئەی درووستە سەر و ڕیش شانە بکەیت؟

 

بەڵێ درووستە ئەگەر زانیت بە شانەکردن قژت ناوەرێت، بەڵام ئەگەر زانیت دەوەرێت جائیز نییە لە مەزهەبی شافعییەكاندا بەپێچەوانەی قەولێك لە حنبەلییەکان کە بەدرووستی دەزانێت چونکە تۆ مەبەستت لابردنی ئەو موانە نییە، چونکە تۆ قژت یان ڕیشت شانە دەکەیت.

 

بەڵام ئەگەر شانەی كرد و پێی وابوو لێی ناوەرێت و لێی وەری، هیچی لەسەر نییە إن شاء الله.

 

بەڵام ئەگەر شانەی کرد و گومانی وابوو کە شانەی بکات موو دەوەرێت، كە شانەی کرد موو وەری، ئەوە ئەوکاتە دەبێت فیدیە بدات.

 

ئەی ئەگەر پێستی خۆی کڕاند، یان پێستی سەری کڕاند، لەگەڵ کڕاندنەکەدا مووی لەگەڵدا هەڵکەندرا، ئەوا فیدیەی لەسەر نییە لەبەر ئەوەی ئەو پێستەکەی ئەکڕێنێت مەبەستی نییە موو لەخۆی لابدات، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی باسمان کرد کە کابرا کاتێك قژ شانە دەکات مەبەستی نییە موو بکاتەوە، بەڵکو لە پاشكۆی كارەكەی موو وەرینی لێ دەكەوێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدا گومانی وایە موو ناوەرێت.

 

هەروەها کەسێك لەئیحڕامدا بێت جائیزە مووی کەسێکی تر لابدات کە لەحەڵاڵدایە، وە حەرامە کەسێك کە لەئیحڕامدا نییە مووی کەسێك لا بدات کە لەئیحڕامدایە، ئەمەیان بۆ جگە لە «تحلیل»ە، واتە: ئەگەر مەناسکی عومرە یان حەجیان تەواو كرد، ژنێك بێت مووی سەری پیاوەکەی لابدات بۆ ئەوەی لە ئیحڕام دەربچێت، یان پیاوێك مووی سەری ژنەکەی لابدات کە هەردووکیان لە ئیحڕامن بۆ ئەوەی لە ئیحڕام دەربچن، هیچی تێدا نییە، ئەمە واتەی «تحلیل» بوو، واتە بۆ غیرە تحلیل حەڕامە، بۆ جگە لە دەرچوون لە ئیحڕام حەرامە.

 

خۆ ئەگەر کەسێك خوانەخواستە ڕەوانەی پزیشك کرا، دکتۆر هەندێک مووی لێ لابدات، ئەگەر ئاگای لەخۆی بێت ئەوا گوناهی ناگات، بەڵام فیدیەی دەکەوێتە سەر، ئەگەریش ئاگای لەخۆی نەبوو، ئەوا هیچی لەسەر نییە.

 

هەموو ئەمانەی باسمان کرد لەبارەی سەرتاشین یان موو لابردن یان نینۆك گرتن، ئەو كاتەیە بەبێ عوزر بێت، بەڵام ئەگەر عوزرێك هەبوو تاوانبار نابێت.

 

سەبارەت بە فیدیە، ئەوە چەند حاڵەتێكی هەیە:

 

لەوانە: كەسێك نەزان بێت یان كەسێك لەبیری چووبێتەوە، سەرباری ئەوەی تاوانبار نییە بەڵام فیدیەی لەسەرە لەسەر ڕای أصح. چونكە ئەمە لەناوبردن و ئیتلافاتە قەرەبووكردنەوەی ناكەوێت بەهۆی بوونی بیانوەوە. ئەمەش مەزهەبی جمهووری فوقەهایە بە پێچەوانەی ئیبن تیمیە و سەعدی و کۆمەڵێك لە زانایان کە دەڵێن شەریعەت هەمیشە قەڵەمی لەسەر لەبیرچوو و نەزان هەڵگرتووە.

 

هەروەها کەسێك ئەسپێ لەسەریدا و بێزاری كرد، دەتوانێت قژی بتاشێت و فیدیەی لەسەرە. وە درووستە بۆی نینۆكە شكاوەكەی لێبكاتەوە بەڵام بەبێ لێكردنەوەی هیچ بەشێكی ساغی نینۆكەكەی.

 

پێنجەم: گرێبەستی هاوسەرگیری:

 

یەکێکی تر لەو شتانەی لەکاتی ئیحڕامدا حەڕامە، گرێبەستی هاوسەرگیرییە.

 

حەڕامە ئیحرامكەر: شوو بكات یا ژن بهێنێت، لەلای شافعییەكان وجمهوری سەلەف و خەلەف إلا الاحناف، جا هەر گرێبەستێك: وەلی ئەمرەكە، یان مێردەکە، یان ژنەکە، هەر كامیان لە ئیحڕامدا بن، ئەو گرێبەستە بەتاڵە، بەڵام داواکردن و خوازبێنی كردن لە ئیحڕامدا علی الٲصح جائیزە، هەروەها درووستە ببێتە شایەت لە هاوسەرگیری دوو کەسدا کە لە حەرامدا نین، هەروەها ئەگەر ئافرەت لە ئیحڕامدا بوو و داوا كرا، حەرام نییە، بەڵام كەڕاهەتی هەیە.

 

خاڵی شەشەم: جووت بوون و پێشەكییەكانی:

 

حەرامە لەسەر ئیحرامكار جووت ببێت بە هەر شێوازێكی جووت بوون، واتە: عەورەت داخل بكرێت.

 

هەروەها پێست بەر پێست کەوتن و دەست پێوەدان و دەستبازی بە شەهوەتەوە بێت با بەدەر بێت لە دامێن هەر حەرامن، ئەگەر بە شەهوەتەوە نەبێت حەرام نییە، بۆ نموونە: ماچکردن و دەستپێوەدان بە شەهوەتەوە حەرامە، بەڵام بە شەهوەتەوە نەبێت حەرام نییە.

 

ئەم حەرام بوونەش كە وتمان درێژە دەكێشێت تا وەکو لە ئیحڕام دەبێتەوە ئیتر لە حەج بێت یان عومرە، بۆ عومرە دیارە، بۆ حەجیش تا لە ئیحرام دەرچوونی دووەم، نەك یەكەم (تەحەلولی یەکەم و دووەم). تا ئەو كاتە جووت بوون حەرامە.

 

ئەی دەستبەركەوتن و دەستبازی و هاوشێوەکانی بە شەهوەتەوە؟ ئەمیش دیسانەوە علی الٲصح درێژە دەکێشتێ هەتاوەکو تەحەلولی دووەم.

 

تەحەلولی یەكەم و تەحەلولی دووەم چییە؟

 

تەحەلولی یەكەم كەیە؟ ئەو کاتەیە دوان لەم سیانە بكات: شەیطان ڕەجم، سەرتاشین یان کورت كردنەوە، تەواف كردن، دوان لەم سیانەی كرد ئەوە بە تەواوەتی لەئیحڕام دەرچووە.

 

ئەی تەحەلولی دووەم كەیە؟ کەی بە تەواوەتی خۆی لەئیحڕام دەكاتەوە؟

 

 تەحەلولی دووم واتە هەرسێکیانی کردووە، هەم شەیتان ڕەجم، هەم سەرتاشین یان كورت كردنەوە، هەم تەواف.

 

قەولێکی تر هەیە لەمەزهەبی شافعیدا لە ڕاستیدا لاواز نییە و مەزهەبی ئەحمەدیشە دەڵێن: بە تەحەلولی یەکەم مباشرە حەڵاڵە بەبێ جووت بوون.

 

هەروەها ئاوخۆ هێناوە بەدەست، ئافرەت بێت یان پیاو، حەرامە و فیدیەشی دەکەوێتە سەر.

 

ئەگەر کەسێك جیماعی کرد:

 

- ئەگەر پێش تەحەلولی یەکەم بوو، واتە پێش ئەوەبوو: دوان لەم سێ كارە بكات: شەیطان ڕەجم، سەرتاشین، تەواف کردن، ئەو کاتە حەجەکەی فاسد دەبێتەوە، با لەسەر کێوی عەرەفەش وەستا بێت. خۆ ئەگەر پێش وەستان بێت لە عەرەفە، ئەوا بە ئیجماع فاسد بووەتەوە.

 

- بەڵام ئەگەر هاتوو دوای تەحەلولی یەکەم بوو حەجەکەی پێ فاسد نابێتەوە، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکە دەبێت وشترێك سەر ببڕێت.

 

* بە واتایەكی دی، جووت بوونەكە:

 

- ئەگەر پێش وەستان بێت لەسەر كێوی عەرەفە ئەوە بە ئیجماع فاسد بووەتەوە و، تاوانبارە، بەڵام لەگەڵ حاجیان دەبێت حەجەكەی تەواو بكات، و وشترێك سەر ببڕیت، بەڵام واجبە ساڵی داهاتوو قەزای بکاتەوە ڕاستەوخۆ.

 

- ئەگەر  پێش تەحەلولی یەکەم بوو حەجەکەی فاسد دەبێتەوە، بەڕای جمهور جگە لە حەنەفییەكان، وە تاوانبارە، بەڵام لەگەڵ حاجیان دەبێت حەجەكەی تەواو بكات، و وشترێك سەر ببڕیت، بەڵام واجبە ساڵی داهاتوو قەزای بکاتەوە ڕاستەوخۆ.

 

- ئەگەر هاتوو دوای تەحەلەولی یەکەم بوو، ئەوە حەجەکەی فاسد نابێتەوە بە ڕای هەر وچوار مەزهەبەكە، بەڵام دەبێت ئاژەڵێك سەر ببڕێت، نەبوو مانگایەك، مانگا نەبوو، حەوت مەڕ سەر دەبڕێت. وتراویشە تەنها شەكێكی لەسەرە.

 

ئەمە حەج.

 

بەڵام عومرە فاسد دەبێتەوە بە جووت بوون پێش تەواف كردن، بە ئیجماع. هەروەها دوای تەواف و پێش سەعی لای جمهور جگە لە ئەحناف فاسد دەبێتەوە، بەڵام دوای سەعی و پێش حلق فاسد نابێتەوە لای جمهور جگە لە شافعییەكان.

 

كەواتە جووت بوون: تاوانباری، فاسد بوونی حەجەكە و، وشترێك، و تەواوكردنی حەجە فاسدەكە و، قەزاكردنەوە، دەخاتە ئەستۆی كەسەكە.   

 

هەموو ئەمەی کەوتمان بزانێت و بە ئەنقەست بێت حەرامە، خۆ ئەگەر بیری نەبوو، یان نەیزانی حەرامە، یان ئافرەتێكی زۆرلێكراو بوو، ئەوە حەجەکەیان فاسد نابێتەوە علی الأصح و فیدیەشیان لەسەر نییە علی الأصح.

 

بەڵام ئافرەت ئەگەر ڕازی بێت ئەوا حوكمی وەكو پیاو وایە.

 

حەوتەم: لەناوبردنی نێچر (ڕاوكردن و هاوواتاكانی)

 

یەکێکی تر لە قەدەغەکراوەکان: لەناوبردنی نێچیرە، بەڵام درێژەی پێنادەم چونکە ئێستا ئەم حاڵەتە كەمتر ڕوو دەدات.

 

هەر بە كورتی دەڵێین: بە ئیحرام كردن لەناوبردنی هەموو ئاژەڵێكی، وشكانی، دەشتەكی (بە بنەڕەت)، گۆشت خوراو، حەرام دەبێت، ئەگەرنا سزای دەكەوێتە سەر.

 

هەروەها كوشتنی كولە حەرامە، بەڵام ماسی و راوكردن لە دەریادا حەرام نییە بە مەرجێك ئاژەڵێك ڕاو بكات تەنها لە دەریا بژێت، بەڵام ئەگەر لە دەریا و لە وشكانی ژیا، حەرامە.

 

بەڵام هەر شتێك نەدەخورا حەرام نییە.

 

نەك هەر ڕاوكردن بەڵكو هەر جۆرێكی هاوكاریكردنیش حەرامە.

 

بەلام ئەگەر لەشەرعدا فەرمان کرابوو بە كوشتنی ئەو ئاژەڵە ئەوا ناڕواتە ژێر ئەم باسەوە و حەڵاڵە، وەك شێر و ڕێوی و پڵنگ و چەقەڵ مشك و مار و دووپشك و ئەو جۆرە ئاژەڵانەی تر کە زیانبەخشن، ئەوە گوناهی لەسەر نییە با لەئیحڕامیشدا بێت و، با لەحەڕەمیشدا بێت.

 

چونكە پەیامبەری خوا دەفەرموێت: «خَمْسٌ فَوَاسِقُ يُقْتَلْنَ فِي الْحِلِّ وَالْحَرَمِ : الْحَيَّةُ ، وَالْغُرَابُ الْأَبْقَعُ ، وَالْفَأْرَةُ ، وَالْكَلْبُ الْعَقُورُ ، وَالْحُدَيَّا». وفی لفظ: « وَالْحِدَأَةُ .. وَالْعَقْرَبُ». وفي رواية: «السبع العادي»[2].

 

لەم باسی ڕاوەی کردمان، لەبیرچوو و ئەنقەست یەكسانن لە واجبی پێبژاردن، بەڵام تاوانبار نابن. جا ئەوەی لە بیری بچێت وەکو ئەوە وایە بە ئەنقەست کردبێتی لە سزا كەوتنە سەر بەڵام تاوانیان لەسەر نییە.

 

لە كۆتاییدا

 

ئەمانە بریتین لە حەوت حەرام کراوەکە، حەوت قەدەغەکراوەکەی كاتی ئیحڕام، لەگەڵ ئەو باسانەی پێوەیان پەیوەستن.

 

ئافرەت تێیدا وەكو پیاو وایە لەهەر هەموویدا مەگەر لەوانە نەبێت کە جیامان کردنەوە و وتمان درووستە ئافرەت بیكات لە پۆشینی جلی مفصل و داپۆشینی سەری.

 

وە واجبە لەسەر ئیحرامكەر خۆی لەم حەرامكراوانە بپارێزێت مەگەر لەو جێگایەی عوزری هەبێت -وەك باسمان كرد-، بەڵكو خەڵكێكی زۆر دەبینی ئەم حەرامكراوانە دەكات و دەڵێت: كاكە من فیدیەی دەدەم كێشەی چییە؟! ئیتر وا  دەزانێت بە فیدیەدان تاوانی لەسەر نامێنێت، (هەڵبەت ئەمە کەسێكە بە ئەنقەستی بێت و عوزری نەبێت)، لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکی زۆر ئاشکرایە و نەزانییەکی زۆر قیزەونە، چونکە ئیحرامكەر حەرامە لەسەری ئەم قەدەغەکراوانە بکات، خۆ كردی ئەوە تاوانبار دەبێت و فیدیەش دەکەوێتە سەری، ناشبێت پێی وابێت مادام فیدیەی لەسەرە ئیتر بۆی حەڵاڵە بیكات، واللە ئەم نەزانییە وەك نەزانینی کەسێك وایە کە دەڵێت مەی دەخۆمەوە و زینا دەکەم، بەڵام حەددم لێدەدرێت و پاک دەبمەوە.

 

جا هەر کەسێك شتێك لەمانە بکات کە وتمان حەرامە، ئەوە حەجەکەی لەوە دەرچووە کە حەجی مەبڕور بێت، ئەوە وتەی ئیبن صەلاحی شارەزوورییە و نەوەویش لە «ٳضاح»دا لێوەی هیناویەتی. اللهم مەگەر كەسێك عوزری هەبێت و هاوشێوەکانی.

 

برایان و خوشكانی بەڕێزم:

 

جگە لەم حەوتەی باسم کرد کە لەئیحڕام بوویت حەرامە بیكەیت، ئەوا جگە لەمانە درووستە بۆت بیکەیت، وەك شۆردنی سەر و مەلەکردن بۆ خۆفێنك كردنەوە و هاوشێوەكانی و گۆڕینی جل و بەرگی ئیحڕام، بەڵام صابوون و شامپۆی بۆندار نابێت بەكار بهێنیت لەسەر ڕای ڕاستتری زانایان، خۆ ئەگەر بۆنی نەبێت درووستە، هەروەها درووستە کەڵەشاخ بكرێت و هیچت لەسەر نییە، بەڵام کۆمەڵێك لەزانایان بەڵکو زۆرێك لەزانایان وەکو شافعی و جگە لەوان دەڵێن بەمەرجێك موو بڕینی تێدا نەبێت، واتە لەشوێنێك بیکەیت پێویست نەکات مووی بۆ لاببرێت.

 

هەروەها جائیزە سەری یان گیانی بخورێنێت ئەگەرچی مووی لێ بوەرێت، مادام ئەم مەبەستی ئەوە نییە و گومانی وایە مووی لێ نەوەرێت، بەڵام ئەگەر زانی بیخورێنت مووی لێ دەکەوێت ئەوە نابێت.

 

هەروەها ئەسپێ کوشتن و سەیركردنی ئاوێنە ڕۆیشتنە بازاڕ و شت کڕین، ئەمانە هیچی تێدا نییە.

 

ئاماژە بەوەش بكەین كەوا:

 

حەج و عومرە بەهیچ کامیان لەقەدەغەکراوەکانی ئیحڕام بەتاڵ نابنەوە مەگەر بە جووتبوون.

 

ئەوەشی کە وتمان حەج یان عومرە فاسد دەبێتەوە ژن و پیاو تێیدا یەکسانن.

 

فیدیەی قەدەغەکراوەکانی ئیحڕام چییە؟

 

ئەگەر کەسێك شتێك بکات لەو شتانەی کە لەکاتی حەجدا قەدەغەکراوە و پێشتر باسمان كرد، ئەوا جۆراو جۆرە:

 

بۆ نموونە: ئەگەر هاتوو لابردنی موو بوو؛ مووی قژی یان مووی گیانی یان هەر شوێنێکی لاشەی لادا، یان نینۆکی گرت، یان جلوبەرگی قەدەغەكراوی پۆشی یان بۆنی بەكارهێنا، یان ڕۆنی بۆنداری دا لەلاشەی، (یان لای شافعییەكان بێ بۆنیش بێت سەر و ڕیشی پێ چەور بكات)، یان دەستبازی کرد بە شەهوەتەوە بە مەرجێك نزیکی دامێنی نەبێتەوە، لە هەموو ئەمانەی کە وتم، دەبێت فیدیە بدات، فیدیەكەش بریتییە لە سەربڕینی شەكێك، یان نانی شەش هەژار و نەدار، یان سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت، سەرپشكە لەم سیانەدا.

 

هەروەها لەو قەدەغەکراوانەی تر: جووت بوونە، ئەگەر جووت بوو ئەوە دەبێت وشترێك سەر ببڕێت، ئەگەر نەیبوو ئەوسا مانگایەك، ئەگەر نەیبوو، ئەوا حەوتی شەک سەردەبڕێت، خۆ ئەگەر ئەوەشی نەبوو، ئەوسا نرخی وشترێك هەژمار دەكات بە پارە، ئەم پارە خواردنی پێدەکڕیت و دەیداتە هەژاران.

 

ئەمەشی دەست نەکەوت، ئەوا لەبەرامبەری هەر مشتێکی خواردندا دەبێت ڕۆژێك بە ڕۆژوو بێت. واتە: بزانە ئەو خواردنە چەن مشت دەکات، بۆ نموونە: 5 فەردە برنج دەكات، ئەی چەند مشت دەكات، ئەوسا بۆ هەر مشتە برنجێك، یەك ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت.

 

ئەگەریش لە كاتی ئیحرامی حەجدا جووت بوو، دەبێت وشترێك سەر ببڕێت بە هەر شێوازێك بێت واتە لە پێش تحللی یەكەم بێت یان دوایی.

 

هەروەها ڕاوکردنیش بە ئیحڕامەوە یان لەحەرام سزای تێدایە بە گوێرەی نێچیرەكە و قەبارەكەی ئەگەر هاوشێوەی هەبوو ئەوا هاوشێوەكەی دەكات، مەڕێك بوو، مەڕێك، مانگایەك بوو، مانگایەك، ئەگەریش دەق هاتبوو لەو بارەوە ئەوە بە گوێرەی ئەوە دەكات، یان لە هاوەڵانەوە بە هەمان شێوە، ئەگەرنا دەخەمڵێندرێت، زانایان وردەكارییەكیان باس كردوە ئێرە شوێنی نییە.

 

نووسینی:

علی خان

الریاض

 

 


[1] كەواتە ئەو شتانەی لەپێ دەکرێت لەکاتی ئیحڕامدا دەبێتە سێ بەشەوە:

بەشێکیان خوف و هاوشێوەكانییەتی، پەیامبەر ﷺ نەهی لەمە کردووە و حەرامە بەئیجماعی زانایان، وەک رسول اللە ﷺ دەفەرموێت: «لا يلبسُ القميص ولا العَمَائِمَ  وَلاَ السَّرَاوِيلاَتِ ولا البَرَانِسَ ولا الخِفَافَ  إلا أحدٌ لا يجِدُ نَعْلَيْنِ فَلْيَلْبَسْ خُفَّيْنِ وَلْيَقْطَعْهُمَا أسفلَ من الكعبين..» حەدیسەکەی عبداللەی کوڕی عومەرە کە لەبوخاری و مسلمدا هاتوە و حەدیسێکی معلوم و مشهورە لای ئەهلی خۆی.

پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: «ئیحرامكەر نابێت خوف لەپێ بکات مەگەر کەسێك نەعلی دەست نەکەوێت، ئەو کاتە با خوف بکاتە پێی بەڵام لە خوارووی قولەپێیەکانییەوە ببڕێت».

کەواتە جۆری یەکەم خوفە خوفیش ئەوەیەکە قولەپێیەکان بەرەو سەرەوە دابپۆشێت ئیتر جزمە و پۆستاڵ و گۆرەوی و هەر شتێکی تر دەگرێتەوە كە قولەپێکان دابپۆشێت، ئەمەش بە كۆدەنگی زانایان حەرامە.

جۆری دووەم: بریتیە لەئەو نەعلەی لە وڵاتی خۆمان نەعل و شەحاتەی پێدەڵێین، کە دەبێت پەنجەکانی پێ بە دەرەوە بێت، قولەپێیەکان  (قاپەڕەقە، دوو ئێسکە دەرچووەكەی ئەمدیو و ئەو دیوی پێ) بە دەرەوە بێت، هەروەها پشتی پێ (پاژنەکان) دەبێت بە دەرەوە بێت، ئەمە بە ئیجماعی عولەما جائیزە.

کەواتە جۆری یەکەم بە ئیجماع حەرامە

جۆری دووەم بە ئیجماع حەڵاڵە

جۆری سێیەم: لەوڵاتی خۆمان پێڵاو یان قۆندەرە و كالەی پێدەڵێن، ئەوەی کە هەموو پێ دادەپۆشێت، بەڵام قولەپێیەکانی دانەپۆشیوە، قاپەڕەقەت بە دەرەوەیە، پشتی پێی داپۆشیوە، پەنجەکانی پێی داپۆشیوە، سەرووی پێی داپۆشیوە، حوکمی ئەمە چییە؟

جمهووری عولەما لە سەلەف و خەلەف لەسەر ئەوەن کەوا ئەم جۆرە حەرامە، لەبەر ئەوەی کەوا پێ دائەپۆشێت با هەردوو قولەپێشی دانەپۆشێت، ئیتر هەموو پەنجەکانی پێ لەپێشەوە داپۆشتێت یان هەموو پشتی پێیەکانت داپۆشتێت، یان سەرووی پێیەکانت داپۆشێت، جیاوازی نییە.

ئەمە بریتیە لەجۆری سێیەم و وتیشمان لای جمهوور لە شافعییەکان و حەنبەلییەکان و مالکیەکان دەفەرموون حەرامە، ئەو حەدیسەشی کەسەرەتا گێڕامانەوە بەڵگەیانە لەسەر ئەمە، چونکە پەیامبەر ﷺ  فەرمووی: «هەر کەسێك نەعلی دەست نەکەوت، ئەوسا با خوفەکانی ببڕێت لە خوار قوولەپێیەوە»، وەک ئەوەی جائیز نییە بەڵام لەحاڵەتی نەبوون و دەست نەكەوتندا ئەوا خوفەكە ببڕن، ئەگەریش هەر سەرەتاوە جائیز بوایە رسولی خوا ﷺ سەرەتا ڕێنمایی دەکردن بۆی و دەیفەرموو: خوفەکانتان ببڕن بۆ خۆتان لەپێی بکەن و تەواو، نەعلتان دەسکەوت یان نا.

بۆیە ئاوها ڕوونکردنەوەم پێدا لەبەرئەوەی حەنەفییەکان و لە حەنبەلییەكان ئیبن تیمەیە ڕەحمەتی خوای لێبیت بە جائیزی دەزانن، هەروەها ئیبن باز ڕەحمەتی خوای لێبێت.

بەڵام کەسێك نەخۆشییەکی هەیە و ناتوانێت، ئاساییە کالە یان پێڵاو یان قوندەرە لەپێ بکات، تاوانبار نابێت، بەڵام دەبێت فیدیە بدات.

بەڵام جۆرە شەحاتەیەك هەیە پەنجەكان بەدەرەوەیە، هەروەها بەشێكی سەرووی پێ، هەروەها بەشێكی پشتی پێ، ئایا جائیزە؟

بەڵێ جائیزە والله أعلم، لەسەر ئەو تەفصیلەی كە وتمان، چونكە جمهوور دەڵێن: تەواوی پشتە پێ دابپۆشێت، ئەمە بەشێكی دادەپۆشێت و پەنجەكان و سەرووی پێكانیش بە دەرەوەن.

جا مادام هەمووی داناپۆشێت و زانایانیش دەڵێن: «کامل العقب» دابپۆشێت، ئەم کامل دایناپۆشێت، وتمان درووستە.

[2] «وفي حديث أبي هريرة عند ابن خزيمة وابن المنذر زيادة ذكر الذئب والنمر على الخمس المشهورة، فتصير بهذا الاعتبار تسعًا، لكن أفاد ابن خزيمة عن الذهلي أن ذكر الذئب والنمر من تفسير الراوي للكلب العقور» أفاده الحافظ.

(الغراب) في رواية عند مسلم: الأبقع، وهو الذي في ظهره أو بطنه بياض.

(والكلب العقور)، قال مالك في الموطأ: كل ما عقر الناس وعدا عليهم وأخافهم؛ مثل: الأسد والنمر والفهد والذئب، هو العقور.

وقال بعض العلماء: أنواع الأذى مختلفة، وكأنه نبَّه بالعقرب على ما يشاركها في الأذى باللسع، ونحوه من ذوات السموم؛ كالحية والزنبور، وبالفأرة على ما يشاركها في الأذى بالنقب والقرض كابن عرس، وبالغراب والحدأة على ما يشاركها في الأذى بالاختطاف كالصقر، وبالكلب العقور على ما يشاركه في الأذى بالعدوان والعقر كالأسد والفهد.