مەقالەکان

وەڵامێك بۆ ئەو ئایینەی كلتوورى تفلێكردن بڵاودەكاتەوە

ئەم نووسراوەی خوارەوە وەرگیراوە لە كتێبی: (كۆیلایەتی و كەنیزەك لە دیدی ئیسلام و ئەوانی ترەوە) لە نووسینی: مامۆستا عەلی خان، چاپی ناوەندی ئاستانە، لاپەڕە :

    (لە مێژووشدا زۆر جار موسڵمانان ئەمەیان هەڵبژاردووە (واتە: ئازادكردنی دیلەكانی جەنگ بەرانبەر بڕێك پارە) بە تایبەت ئەگەر دانایی وبەرژەوەندی وسیاسەتێكی ڕێكیان لەوەدا بینیبێتەوە، وەك صەڵاحەددینی ئەیوبی كوردی كردی لەگەڵ خاچ پەرستەكانی قودسدا ساڵی (583). پیاوان دە دینار، وئافرەتانیش پێنج دینار، منداڵیش دوو دینار.

خەڵكێكی زۆر زۆریشی بێ بەرانبەر ئازاد كرد، هەیان بوو شازادە بوو لە كچانی پاشا، لەگەڵ ژن ومنداڵێكی زۆردا، هەروەها قەشەكانیش.

ژمارەشیان زۆر بووە، تەنانەت ئیبن ئەسیر باسی جەنگی (حیتتین)ی مەزن دەكات، كە چۆن تێیدا خاچ پەرستان سەر شۆڕ بوون، ئەڵێت: تەماشای كوژراوەكانت بكردایە دەتووت كەس بە دیل نەگیراوە، تەماشای گیراوەكانیشت بكردایە، دەتوت كەس نەكوژراوە([1]).

دوای شەڕەكە صەڵاحەددین ڕۆیشتە نێو خێمەكەی خۆیەوە، ئەوەبوو پادشاكەیان دەهێنن لەگەڵ براكەی و هەروەها لەگەڵ «ڕێناڵد دی شاتیۆن» كە ناسراوە بە «بێرنس ئەڕنات» ئەمیری «كەرەك» كە لەناو ئەروپیەكاندا كەس وەك ئەو دژایەتی موسڵمانانی نەدەكرد! زۆر كینە لە دڵ وبێ گفت وپەیمان بوو، ئەمە بێجگە لە پەلاماردانی كاروانەكانی موسڵمانان ولە نێویشیاندا حاجیەكان. جا كە هێنایان شای لە تەنیشی خۆیەوە دانا، زۆر تینووی بوو خەریك بوو دەمرد (یەكێكیش لە هۆكارەكانی ئەو دۆڕانە گەورەش تینوێتیان بوو)، ئەوەبوو ئاوی ساردی پێدا، شاش لەشوێندەمەكەی خۆی بەشی بێرنسیدا، صەڵاحەددینیش پێی ناخۆش بوو، وتی: نابێت ئاوی من بخواتەوە با ئەمانی من نەیگرێتەوە، پاشان سەرزەنشتی زۆریكرد وباسی دانە بە دانە غەدر وخیانەت وناپاكیەكانی كرد كە ئەنجامی دابوو، وتی: دوو جار نەزرم كردووە دەستم پێتگەیشت بتكوژم: جارێكیان كە پەلاماری مەككە ومەدینەتدا، جارەكەی تریش كاتێك ناپاكی وخیانەتت كرد. ئەوەبو هەر لەوێدا كوشتی([2])، شا ئەوەی بینی زیڕەی كرد، صەڵاحەددینیش وتی: هیچ مەترسە ولە ئەماندایت.

بریاڕی كوشتنی ئەو وهاوشێوەكانی كە نزیك دوو سەد كەس بوون([3]) لە ناو هەزاران دیل بە شا وشازادە وپیاو وژن ومنداڵەوە، ئەوەیە -وەك ئیبن ئەسیر([4]) باسی دەكات-: ئەمانە شەڕ وخراپەیان بۆ موسڵمانان زۆر زۆر بووە، بۆیە ویستی موسڵمانان لە خراپەیان ڕزگاریان بێت.

بەڵگەش بۆ قسەكانم ئەوەیە یەكی پەنجا دیناری میسری دەدەن بەس ئازاد بكرێن، ڕازی نابێت. كەچی دیلەكانی تر بە دوو دینار وپێنج دینار وزۆرەكەی دە دینار ئازاد دەكات! 

هەر بۆیە كاتێك صەڵاحەددین ئەمیری جوبەیل ئازاد دەكات مێژوو نوسان بە یەكێك لە هۆكارەكانی لاواز بوونی موسڵمانانی دەزانن، چونكە بەناوبانگ بووە بە فێڵبازی وشەڕ فرۆشی، ئیبن ئەسیر بە درێژی ڕونی دەكاتەوە وگلەیی وڕەخنەش لە وتەكانیەوە دیارە([5]).

 هەروەها كە پەلاماری «تیبنین» دەدات وئابڵۆقەی دەخاتە سەر، داوای ئەمانی لێ دەكەن، ئەمیش بە سینە پاكی خۆی ئەمانیان پێ دەدات، ودەیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. كە ئەمەش دیسانەوە لە هۆكارەكانی لاواز بوونی صەڵاحەددین دەزانرێت. چونكە زیانیان زۆر بووە ومەترسی بوون بۆ سەر موسڵمانان.

هەروەها سەرۆكی سەركردە میترانەكان([6]) بە هەموو پارە وسامانەكەیەوە بە پێش چاوی موسڵمانانەوە دەرچوو وكەس دەستی بۆ درێژنەكرد. كە لای گاورەكان لە پادشاش پلەی بەرزترە([7]). پارەیەكی ئەوەندە زۆری بردووە، مێژوو نووسان ئەڵێن: مەگەر خوا بزانێت چەند زۆر بووە، پێیان وت: بۆ ئەو پارەی لێ وەرناگریت، وتی: غەدر وخیانەتی لێ ناكەم، ئەوەبوو لە دە دینارەكە زیاتری لێ وەرنەگرت([8]).

 لەگەڵ دەیان كەسدا كە سەركردەكانی سوپا تكایان بۆ دەكردن، ئەویش لێیان دەبوورا وبێ پارە ڕێی چۆڵ دەكردن.

 لە هەموو شەڕەكانیشدا وەك مێژوو نوسان باسی دەكەن ئەمانی داوە بە هەموو دانیشتووانەكە([9]).

هەروەها لە گەورەترین ئەم جۆرانە كە لەمێژوودا ڕووی دابێت، بریتیبوو لەئازادكردنی شای ئینگلتەرا شا ڕیچارد «دڵی شێر!» لە جەنگی خاچپەرەستەكاندا([10]).

 لە ڕاستیدا جوامێری صەڵاحەددینی دلێر، وشەهوت بازی ووەحشیگەری ڕیچارد زۆر لە یەكەوە دوورن وهی بەراورد نین، بەڵام ئەویان هۆڵیود خزمەتی كردووە وئەمیان دۆستەكانی پشتیان لێكردووە، وإلی الله المشتكی!

 هەروەها نورەددیی زەنكی كاتێك ئەمیری ئەنتاكیە دەستگیر دەكات، بەرانبەر پارەیەكی زۆر ودیلێكی زۆری موسڵمان ئازادی دەكات([11]).

 هەر كاتێكیش موسڵمانان توندیەكیان نواندبێت مەگەر بەرانبەر تووندی ئەوان وهاوشێوەكانی بووە، یان وتبێتیان ئەمانتان نادەین، مەگەر لەبەر ئەوە بووە ئەوان وایان كردووە.

 نموونەی زیندووش بۆ كورد: صەڵاحەددینی ئەیوبیە -بە ڕەحمەت بێت-، كاتێك گاورەكان دەبینن دەرەقەتی سوپا موبارەكەكەی صەڵاحەددین نایەن، داوای ئەمان دەكەن، ئەویش سەرەتا ڕازی نابێت، بۆ؟ ئەڵێ: ئەبێت وایان لەگەڵدا بكەم كە ئەوان لەگەڵ خەڵكی ئەم شارە كردیان لە ساڵی 491 ك، لە كوشتن ودیلگرتن. پاداشتی خراپەكردنیش هەر خراپەیە([12]).

 مەبەستی صەڵاحەددین كام جەنگەیە؟!

 صەڵاحەددین باسی 23ی شەعبانی ساڵی 491 ك دەكات، كە ئەروپیەكان ڕۆیشتنە قودسەوە([13])، بۆ ماوەی یەك هەفتە موسڵمانیان دەكوشت، زیاتر لە سەد هەزار([14]) موسڵمانیان كوشت، تەنها لە قودسدا، ئەگەرنا لە مەعەڕرەدا سەد هەزار دیلیان كوشتووە([15])، كە بەخوا تەز وحەسرەت لە گیانمە دەینووسمەوە!

ئەمە لە كۆندا، هەروەها لە مێژووی هاوچەرخیشدا لە جەنگی جیهانی دووەمدا([16]) جارێكیان ڕوسەكان وقۆقازیەكان ئابڵۆقەی سەد هەزار ئەڵمانی دەدەن، ئەمانیش بە دەبابەكانیان هەرچی چەكی ئەڵمانیەكان هەیە لەناو دەبەن، پاشان هەرچی ئەڵمانیە دەكوژن، وئەوەشی دەست بەرز دەكاتەوە بۆ تەسلیم بوون دەستیان دەبڕن([17]).

 بەڵی ئەو شەڕانەی پێی دەوترێت «شەڕی خاچ پەرستەكان» وەك گەردەلولی وێرانكەر وابووە، وەك دڕندە وابوون، هیچیان بە ساغی نەدەهێشتەوە، لە تاڵان كردن وكوشتن وبڕین وكاول كردن لە ئەورپا ببوایە یان ئاسیا، منداڵ ببوایە یان گەورە، ئافرەت ببوایە یان پیاو، پەككەوتە ببوایە یان گەنج، بە كوشتن وبڕین ولەت لەت كردن وسوتاندن وگۆڕ هەڵكەندن وئیتر هەرچی تاوانی نەشیاو هەیە ئەنجامیان دەدا([18]). وەك گۆستاف لۆبۆن، فەیلەسوفی فەرەنسی ئەو شایەتیەیدا.

 هەروەها گەورە مێژوو نوسی بەریتانی «ستێڤین ڕۆنسیمان= Steven Runciman» ئەڵێ([19]): «كاتێك بەرە بەیان «فەرماندە ڕیمۆند ئۆف ئەجیلیه» ڕۆیشت بۆ سەردان كردنی حەرەمی پیرۆز، پێویستی بوو شوێن پێی خۆی پاك بكاتەوە بە هۆی ئەو هەموو لاشە وخوێنەی كە تا ئەژنۆكان هاتبوون» پاشان ئەڵێ: «جولەكەكانیش ڕایان كرد بۆ كڵێسا سەرەكیەكەی خۆیان، خاچپەرستەكان هیچ ڕەحمیان پێ نەكردن وئاگریان پێوەنان وهەرچی جوو هەبوو لە ژوورەوە سوتاند»([20]).

 پاشان ئەڵێ: «بە دیاری كراوی نازانرێت ژمارەی كوژراوەكان چەندە، بەڵام ئەوەندە هەیە یەك موسڵمان وجولەكەی تێدا نەمایەوە بە زیندویەتی».

 ولا حول ولا قوە إلا بالله.

 پاشان ئەڵێ: «پێش ئەمە ئەكرا لە ڕووی سیاسیەوە گاورەكان قەبوڵا بكرایەن لەلایەن موسڵمانانەوە، بەڵام دوای ئەمە ئیتر بیر لە دەركردنی تەواوەتیان دەكرایەوە لە ناوچەكەدا...».

 پاشان ئەڵێ: «ئەم خوێن ڕێژیەش بەڵگەی دەمارگیری مەسیحیەكان بوو كە تینیوی خوێن بوون، ئەمەش بووە مایەی دەرمارگیری موسڵمانان بۆ لەوەودوا»([21]).

 لەم كارەشیان پەشیمان نەبوون، ئەوەتا گۆستاف لۆبۆن، كە پزیشك ومێژوونوسێكی فەرەنسیە، ویەكێكە لە بە ناوبانگترین فەیلەسوفە ڕۆژ ئاواییەكان. بەشێكی بە نرخی كتێبی: «حضارة العرب»ی تەرخان كردووە بە ناونیشانی: «الرق في الشرق = كۆیلایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا». بە وردی وبە ویژدانەوە باسی كۆیلایەتی دەكات لە وڵاتانی موسڵمان كە ئەو پێی دەڵێت ڕۆژ هەڵات، هەروەها ئەم پێی وا بوو موسڵمانان هۆكاری بەرەو مەدەنیەت وشارشتانیەت ڕۆیشتنی ئەوروپا بوون.

 

جا گۆستافی فەیلەسوف دەگێڕێتەوە لە یەكێك لە قەشە بەشدار بووەكانەوە ئەڵێ: «بە جادە وگۆڕەپان وسەربانەكاندا چاویان دەگێڕا بۆ ئەوەی داخی دڵیان دەر بچێت ولەو دیمەنە خوێناویانە دڵیان ئاو بخواتەوە، وەك شێرە مێینەیەك بێچوەكەی لێ زەوت كرا بێت، بەر ببوونە گیانی منداڵ وژن وپەككەوتە، هەر كەسیان بەر دەست بكەوتایە هەنجە هەنجە (پارچە پارچە)یان دەكرد، بۆ ئەوەی دوا نەكەون بە یەك پەت چەند كەسیان دەخنكاند، وجەماعەتەكەی خۆشمان چیان بەر دەست بكەوتایە دەیان برد، تەنانەت سكی مردووەكانیان كەرت دەكرد بۆ ئەوەی زێڕی لێ دەربهێنن! ئای لە چڵێسی وچاو چنۆكی وحەزی ئاڵتون؟! خوێنیش وەك ڕووبار بە كۆڵانەكانی شاردا ڕێی دەكرد، ئاخر كەسیان بڕوایان بە نەصڕانیەت نەبوو، پاشان هەموو دیلەكانیان هێنا، فەرماندە فەرمانی كرد هەموو لاواز وپەككەوتە وپیرەكانیان بكوژرێن، وگەنج وبە تواناكانیان ببرێن بۆ ئەنتاكیە تا لە بازاڕی كۆیلەكاندا بفرۆشرێن»([22]).

 بەڵێ كۆڵانەكان هەمووی سەر ودەست وقاچی بڕاوی موسڵمانەكان بووە، بەسەر ئەم ڕوباری خوێنە ئەم دەستە بڕاوە ویستوویەتی بڕوات بۆ لای ئەو قاچە بێگانەكە وئەم قاچەكەش هەروەها، تەنانەت بۆنەكەی سەربازەكانی بێزار كردووە([23]).

 لەبەر ئەم كارە دڕندایە بەڵكو شێتانە -وەك هەندێك لە مێژوونووسانی خۆیان دەیڵێن- وای لە سەعدی شیرازی كرد بڵێت: ئەمانە شایستەی ئەوە نین پێیان بووترێت مرۆڤ!

 بۆیە گۆستاف ئەڵێت: وەك عومەریان نەكرد كاتێك چوونە قودسەوە!

 جا ئەگەر سەرزەشت كردنت بینی لە منەوە، پێم نەڵێی لە ئەكادیمی دەرچووە ولایەنگری دەكات، نا، قیزەونی ئەم كارە دژە مرۆییە ناهێڵێت بێ لایەن بیت، لە كۆتاییشدا ئێمەش مرۆڤین، ئەوەتا خودی گلیۆم صۆری ئەڵێت: كاتێك باسی كارەكانیان دەكەیت لە مێژوونوس دەردەچیت وئەبیتە سەر زەنشتكەریان([24]).

 بەڵێ، باسی ئەوەمان كرد صەڵاحەددین بۆ ڕازی نەبوو ئەمانیان پێبدات.

 پاشان تەنانەت نوێنەریان دێت بۆلای صەڵاحەددین ئەڵێت ئەمانمان پێ دەدەیت ئەوە باشە، ئەگەرنا پێنج هەزار دیلی موسڵمانمان لەلادایە هەمووی دەكوژین، هەرچی ژن ومنداڵمان هەیە ئاگری پێوە دەنێیین ودەیسوتێنین، هەرچی مزگەوتی ئەقەسا وصەخرەكە وشوێنەكانی ترە هەمووی كاول دەكەین، هەرچی مەڕ وماڵات وئەسپ وئاژەڵا هەیە هەمووی دەكوژین، چونكە دەمرین، شتێكیش نیە بە تەمای بین، جا ئەمانمان پێ بدە، ئەویش دوای ڕاوێژ كردن ئەمانیان پێدەدات.

 

لە كاتێكدا بێ باوەڕان خۆیان زۆر جار گەواهی ڕەوشت بەرزی موسڵمانان دەدەن لە مامەڵەكردن لەگەڵیاندا كە زۆر باشترە لەوەی خۆیان، تەنانەت «جێمس ڕیستۆنی كوڕ = James Reston ‏»، ئەڵێ: مامەڵەی صەڵاحەددین نموونەیی بوو لە ئازاكردنی وقوسدا. ئەڵێ: «صەڵاحەددین تۆڵەی ئەوەی نەكردەوە كە گاورەكان كردیان لە شەڕی یەكەمدا لە ساڵی 1099ز، هەروەها پارێزگاری كرد لە كڵێسای قیامەت وكۆمەڵێك شوێنی دی مەسیحیەكان». هەروەها ئەڵێ: «هەمووان ئەم لێ بووردەییان لە یاد دەبێت»([25]).

 

هەروەها لە جەنگێكدا ڕۆمەكان دوانزە هەزار دیل لە موسڵمانان دەكوژن، تەنها لەبەر ئەوەی لە پێشدا خاچ پەرستیان خستۆتە بەردەستیان، وتویانە: قەبوڵی ناكەین([26]).

 

هەروەها صەڵاحەددین كەسیانی نەكرد بە كۆیلە، وچل ڕۆژی دانا بۆ ئەوەی پارە دیاری كراوەكە بهێنن كە دە دینار بوو بۆ پیاو وپێنج دینار بۆ ژن، ودو دینار بۆ منداڵا، ئەگەرنا دوای ئەوە ئەبێتە كۆیلە. ئەوەبوو پارەی هەموویانیاندا وكەس نەكرا بە كۆیلە([27]).

.......

شایانی باسە زانا وشاعیرێكی ئەیوبی یا سەلجوقی شیعرێكی هەیە ئەڵێت([28]):
 
كە دەستمان چوو خوێن لە پەنجەی دیلتان نەهات * كە دەستان چوو كۆڵان چۆڕەی خوێنی دەهات
حەڵالتان كرد دیل كوشتنیش عەیبتان نەهات * ئێمەش بووراین وزیاتریشمان لە دەست دەهات
سا با بەس بێت ئەمە جیاوازی بەینمان بێت * گۆزەش ئەوەی لێ دەڕژێت كە تێیدا بێت
 
ئەڵێت: كاتێك ئێمە موڵكمان گرتە دەست، وئێمە خاوەن بڕیار بووین، دادگەری ولێبوردەییمان لێدەوەشایەوە، بەڵام كە ئێوە دەسەڵاتتان گرتە دەست، خوێن بە ئەرزدا چۆڕەی دەهات، بەر بوونە گیانی بەندكراو ودیلەكان، بەڵام ئێمە مننەتمان ئەكرد بەسەر دیلەكانتاندا، وئازادمان ئەكردن وچاوپۆشیمان لێ كردن. بەس بێت ئەو جیاوازیە زۆرە گەورەی نێوان ئێمە وئێوە، ئێمە لێ بوردەیی لە ناخماندایە، بۆیە ئەوەشمان لێ ئەڕژێت، ئێوەش بێ ڕەحمی ونامەردی لە ناختاندایە بۆیە ئەوەشتان لێ ئەڕژێ. كوردیش ئەڵێن: گۆزە چی تێدا بێت ئەوەی لێ ئەڕژێت.
 
هەروەها هەرگیز لە مێژووی ئیسلامدا كۆیلە فرۆش لەگەڵا سوپادا نەهاتووە بۆ شەڕ وەك ڕۆمەكان دەیان كرد([29]).
 

([1]) «الكامل في التاريخ» (10/26).

([2]) بە گوێرەی گەڕان وتوێژینەوە موتەوازیعەكانی بەندە، ئەو دیلانەی لە مێژووی ئیسلامدا كوژران، لە چاو ئەو هەمووەی ئازادكراون ئیتر بە بەرانبەر یان بێ بەرانبەر، ئەوا لە بەراورد نایەت ئەوەندە كەمە. هیچ ژیرێكیش نیە لەسەر ئەم ئەررزەدا بڕوای بەم «جۆرە» كوشتنانە نەبێت سەرباری خیلافیش لە وردەكاریەكەی.

([3]) كە بریتین لە: داویەكان وئیسبیتاریەكان. «الكامل في التاريخ» (10/27).

([4]) گرنگی هێنانی ووتەی ئیبن ئەسیر لەم بارەوە لەوەدایە لەو كاتەدا ژیاوە. هەندێك جاریش باسی ئەوەش دەكات لاشەی سەربازەكانیشی بینیووە.

([5]) بڕوانە: «الكامل في التاريخ» (10/31)، و(10/41).

([6]) بریتیە لە سەرۆكی سەركردەی ئەسقوف (میتران)ەكان (رئيس رؤساء الأساقفة)، جياوازە لە «بطريق= Patricien»، بريتيە لە ئەندامە ڕەسەنەكانی ئەو خێزانەی كە شەریفەكانی ڕۆمانی لێ پێك هاتبوو یان منداڵەكانیان. بڕوانە: «الرق في الإسلام» (ص: 25).

([7]) بڕوانە: «الكامل في التاريخ» (10/33)، و(10/37).

([8]) ئەگەر تەماشای دەروونی صڵاحەددین وپاكی سنگی وهەڵسوكەوتی لە جەنگەكانیدا بكەیت، وئەو هەموو لێ خۆش بوون وئەمان پێدان وچاو پۆشی كردن ولێ بوردنەی سەرنج بدەیت، كە زۆر جار بە زیان بە سەریدا شكاوەتەوە، لەگەڵا خوێندنەوەی وتەكانی مێژوو نووسان لەو بارەوە، ئینجا تێڕا بمێنی لە هەل ومەرجەكانی ئەو سەردەمە وجەنگەكان، ئەوسا بۆت ڕوون دەبێتەوە، بۆچی لە میسردا بە كەسی سادە وبێ فێڵا، دەڵێن: كورد.

([9]) «الكامل في التاريخ» (10/ 32): «لِأَنَّ صَلَاحَ الدِّينِ كَانَ كُلَّمَا فَتَحَ مَدِينَةَ عَكَّا وَبَيْرُوتَ وَغَيْرَهُمَا مِمَّا ذَكَرْنَا أَعْطَى أَهْلَهَا الْأَمَانَ».

([10]) «موسوعة السياسة» (5/56)، من: «الأسرى، حقوقهم، واجباتهم، أحكامهم» (ص: 316)، هةروةها برِوانة: «حضارة العرب» (ص: 342).

([11]) «معجم البلدان» (7/171).

([12]) «معجم البلدان» (10/35).

([13]) بۆ ئەوەی بزانی ئەم سوپا لە ڕێگاشدا چەند ستەمی كردووە وخەڵكی بە ناهەق كوشتووە، تەنانەت لە گاورەكانیش، بڕوانە: «حضارة العرب» (ص: 335) وما بعدها، مؤسسة هنداوي. هەر لێرەدا گۆستاف وەسفی ئەو سوپا دەكات بە لە وەحش بێ عەقڵتر. وئەڵێ جیاوازیان نەكردووە لە نێوان هاوپەیمان ودووژمن، وبێ تاوان وتاوان بار وشەڕ كەر لەگەڵا ژن ومنداڵا وپیر ومەدەنی، شەلم كوێرم ناپارێزم ماڵی خەڵكیان تاڵان دەكرد. ئەشڵێ: مێژوونووسە گاورەكان خۆیان گەواهی ئەم ڕاستیە دەدەن. (ل: 336).

([14]بڕوانە: «حضارة العرب» (ص: 338)، و«الكامل» وسيأتي.

([15]) «حضارة العرب» (ص: 338).

([16]) یان: دووهەمین جەنگی جیهانی، یان جەنگی دووهەمی جیهانی...

([17]بڕوانە: «أسرى الحرب» (ل: 205). بەڵام لە كتێبەدا نوسرا جەنگی «كورسن». هەروەها نوسیویەتی: قۆزاق. جا ڕاستە گەلێكن لە ڕوسیاش هەن، بەڵام سەربازە قۆقازیەكانیش لەو شەڕەدا بە زۆری بەشدار بوون. جا ڕوون نەبوویەوە!

([18]) «أسرى الحرب» (ص: 129).

([19]) «تاريخ الحروب الصليبية» (1/404).

([20]) بۆ ئەوەی بزانن ئەمە جێ بە جێ كردنی ئایینی مەسیحیەتە یان نا؟ بڕوانە ئەم دەقەی ئینجیل: «لاَ تَظُنُّوا أَنِّي جِئْتُ لأُرْسِيَ سَلاماً عَلَى الأَرْضِ، مَا جِئْتُ لأُرْسِيَ سَلاَماً، بَلْ سَيْفاً. فَإِنِّي جِئْتُ لأُفَرِّقَ الإِنْسَانَ ضِدَّ أَبِيهِ، وَالْبِنْتَ ضِدَّ أُمِّهَا، وَالْكَنَّةَ ضِدَّ حَمَاتِهَا. وهَكَذَا يَصِيرُ أَعْدَاءَ الإِنْسَانِ أَهْلُ بَيْتِهِ!». «العهد الجديد: إنجيل متى» (10: 34-36». هەروەها بڕواننە: «تاريخ الحروب الصليبية» (1/431)، لەگەڵ: «دور الفقهاء والعلماء المسلمين في الشرق الأدنى في الجهاد ضد الصليبيين خلال الحركة الصليبية» (ص: 238)، د. آسيا سليمان نقلي، مكتبة العبيكان، الطبعة الأولى، 2002، جا لە ئەوانە بڕوانن بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئیشیان بە خەو كردووە، واتە: عیسا یان چاكانیان لە خەو پێی وتوون: هێرش بەرن، بردوویانە، یان پاشەكشە بكەن، كردوویانە... هتد، ئەگەر چی تا ئێستاش هەر ئەمەیان ماوە، مەگەر جۆرج بۆش نەیوت عیسا لە خەوندا پێی وتم هێرش بكە سەر عێڕاق.

بڕوانە: «هەڵسەنگاندنی وتەكانی فەلسەفەخوازێك، گفتوگۆیەك لەگەڵا فاروق ڕەفیق دا»، هی نووسەر: www.ali-xan.com/ktebxana/33

هەروەها بۆ ئەوەی بزانیت ژمارەیان ملیۆنێك بووە كەوتوونەتە ڕێ، بۆ تا گەیشتن كەمیان كرد بۆ بیست هەزار؟ بڕوانە: «حضارة العرب» (ص: 337).

([21]) «تاريخ الحروب الصليبية، من كليرمونت إلى أورشليم» (1/435)، ستيفن رانسيمان، ترجمة: نور الدين خليل، الطبعة الأولى، 1994.

([22]) «حضارة العرب» (ص: 337).

([23]) «حضارة العرب» (ص: 338).

([24]) «حضارة العرب» (ص: 340).

([25]) «مقاتلون في سبيل الله: صلاح الدين الأيوبي وريتشارد قلب الأسد والحملة الصليبية الثالثة»، جيمس رستون الإبن، ترجمة: رضوان السيد، مكتبة العبيكان، 2002، الطبعة الأولى - الرياض.

([26]) «الكامل في التاريخ» (6/150).

([27]) «الكامل في التاريخ» (10/36).

 ([28]) ديوان أبي الفوارس، (3/404) رقم القصيدة: (655) قاله على لسان العلويين.

([29]) «الرق في الإسلام».