پرسیار و وەڵام

ئەو نیشانانەی كە سیحرلێكراوی پێ دەناسرێتەوە :


سیحرەكان زۆر وجۆراو جۆرن، جا هەر جۆرێك ونیشانەی خۆی هەیە بەڵام ئێمە هەندێك نیشانە ودیاردەی گشتی دیاری دەكەین كە لە زۆرێكی سیحرلێكراوەكاندا هەیە، بە تایبەت ئەوەی جنۆكە دەستی لێوەشاندون. ئەم نیشانانەش مەرج نیە لە هەر كەسێك هەبون ئیتر سیحر لێكراو بێت، مەرجیش نیە هەموی كۆ ببێتەوە لە سیحر لێكراودا.
1. شەوان كەم دەخەوێت.
2. لەكاتی خەوتنەكەی ئارەق دەكات.
3. لەخەودا زۆر ڕادەچەڵەكێت.
4. شەوان دوای ڕاكشانێكی زۆر زۆر پاشان خەوی لێدەكەوێت.
5. خەوی ناخۆش دەبینێ‌.
6. بینینی ئاژەڵان لە خەودا، وەك: پشیلە وسەگ وشتر ومار وشێر وڕێوی ومشك. بە تایبەتی ئەگەر لەلایەن ئافرەتانەوە بینرا ودو گیان بو ئەوە والله أعلم سیحری لێكراوە.
7. لە خەودا گاز دەگرێت لە دانەكان ولە لێوی خۆی.
8. بینینی شەوە لە خەودا، شەوەش ئەوەیە: شتێك دەبینێت لە خەودا ناڕەحەتی دەكات وئازاری دەدات وئەیەوێت هاوار بكات ناتوانێت.
9. بەدەم خەوەوە زۆر پێدەكەنێ‌ یان زۆر دەگرێ یان زۆر هاوار دەكات.
10. لەخەودا دەبینێت كە لەناو گۆڕستان یان زبڵدان یان كەلاوە دایە.
11. لە خەودا دەبینێت كە لە بەرزایی بەر دەبێتەوە.
12. ڕێكردن بە دەم خەوەوە وهەستیشی پێ ناكات.
13. ئاخ وئۆفكردنی زۆر بە دەم خەوەوە.
14. لەخەودا كەسانێك دەبینێ‌ شێوازیان ئاسایی نیە وزۆر نامۆیە، وەك ئەوەی ببینێ باڵایان زۆر بەرزە، یان باڵایان زۆر نزمە.
ئەمانە نیشانەكان بون لە خەودا.
لە بێداریشدا:
1. سەری بە خێرایی وبە زۆری ژان دەكات، ئەمە ئەگەر بەهۆی شتی ترەوە نەبێت، وەك: دان ئێشە، چاوئێشە، لوت ئێشە، گوێ ئێشە، ئێش وئازاری گەدە...
2. تەمبەڵ وتەوەزەلی لە بۆ پەرستش ویادی خوا. 
3. پەركەم.
4. بونی ئێش وئازارێك لە هەندێك لە ئەندامەكانی لاشەی، كە پزیشكەكانیش ناتوانن چارەسەری بكەن. بۆ نمونە قاچی یان باڵی یان هەر شوێنێكی تری ئازاری دەبێت كە سەردانی پزیشك دەكات لە ڕاپۆرتە پزیشكییەكاندا هیچ دەرنەكەوتوە.
نیشانەكانی سیحری جیاكردنەوە:
كە بریتیە لە كردنی سیحر بۆ جیاكردنەوە یان ڕق وكینە خستنە نێوانیان:
وەك ژن وپیاو ، یان كوڕ ودایك، یان كوڕ وباوك، یان برا وبرا، یان دو برادەر یان دو شەریك،...هتد
دیاردە ونیشانەكانی ئەم سیحرە:
1. هەڵگەڕانەوەی لە ناكاوی بارودۆخەكە لە خۆشەویستی وتەباییەوە بۆ ڕق وناكۆكی.
2. دروست بونی گومانی زۆر لە نێوانیاندا.
3. عوزر نە هێنانەوە بۆ یەكتر.
4. گەورە كردنەوەی شتە بچوكەكان كە ئەبێتە مایەی ناكۆككی نێوانیان.
5. هەردولا وێنەی یەكتر بە ناشیرین دێتە پێش چاویان، ئەگەر جوانترین ئافرەت وپیاوەكەش جوانترین پیاو بێت بە ناشیرین دێنە پێش چاوی یەكتر.
6. لایەنی سیحر لێكراو ڕقی لە هەمو كارێكی بەرامبەرەكەی دەبێتەوە، تەنانەت ڕقی لەو شوێنەش دەبێتەوە كە لایەنی بەرامبەر تێیدا دادەنیشێت.
7. مێردەكە كە لە ماڵ نیە ئافرەتەكە ئاساییە، بەڵام كە هاتەوە ئافرەتەكە ناڕەحەت دەبێت. بە نیسبەت مێردەكەش بە هەمان شێوەیە ئەگەر سیحرەكە لەو كرابێت.
8. لە كاتی جوتبوندا لایەنی سیحر لێكراوە بە بەردەوامی هەست بە ناڕەحەتی دەكات.


کتێبی : قەڵاى پارێزە لە ساحر و جادوگەر

نوسینی: مامۆستا على خان