پرسیار و وەڵام

پرسیار: ئایا دروستە گوڵ لەسەر قەبری خەڵکی لێبکەیتەوە ئەگەر پێت جوان بن یان لەسەر گۆڕستان بن؟

 

وەڵام: وەڵامەكەت بە سێ خاڵ دەدەمەوە:

 

یەکەم: بردنی گوڵ بۆ سەر گۆڕ، یان دانانی گوڵ لەسەر قەبردا، جائز نییە، لەبەر ئەوەی بەفیڕۆدانی پارە و ماڵە، سەرباری ئەوەش گاورەکان ئەو کارە دەکەن.

 

دووەم: دار ناشتن لەسەر قەبر جائز نییە، ئەوەشی هاتووە لە فەرموودەدا تایبەتە بە پەیامبەری خواوە، وەکو بەرەکەت و موعجیزەت و ڕێزێک بۆ پەیامبەری خودا بووە، موعجیزەكە بەو شێوازە بووە، كە تا دارەكە تەڕ بێت تاوانیان لەسەر سووك دەكرێتەوە. ئەمەش بۆ هەموو كەسێك نییە و نابێت!

 

لەمەشەوە ڕوون بوویەوە ئەوەی خەڵك دەیكەن لە ناشتنی درەخت لەسەر قەبران كارێكی شەرعی نییە!

 

خاڵی سێیەم کە وەڵامی پرسیارەکەیە: ئەو گوڵە ئەگەر گوڵێکە لەسەر قەبرەکە ڕوواوە یان گوڵێکە دانراوە لە دوو حاڵەت بە دەر نییە؛ یان ئەوەیە موڵکی تاكە کەسێکە یان موڵكی کەس نییە. جا ئەگەر هی کەسێک بێت جائیز نییە و دەبێت بیگەڕێنیتەوە بۆ شوێنی خۆی، یان پارە بدەیت بە خاوەن موڵکەکە، ئەگەریش موڵکی کەس نەبوو ئەوە تاوانت لەسەر نییە .