پرسیار و وەڵام

پرسیار: مامۆستا ئیلتهاباتی ئافرەتان كە پیسە و بەر لیباس دەکەوێت، نوێژی دروست نییە؟ بۆدەپرسم، ئەم شتە له ناکاودێت، ڕەنگە لە شوێنێک بیت نەتوانێ لیباس بگۆڕێ، نوێژەکەش نەکات لەدەست بچێت؟

وەڵام:

زانايان ڕاجیاوازن لەبارەی ئەو ئیلتهاباتەی لەئافرەت دەردەچێت:

ئایا پاكە یان پیسە؟

ئايا دەستنوێژ دەشكێنێت یان نا؟

سەبارەت بەیەكەم:

ئەوەی لەدەرەچەی میزەوە بێتە دەرەوە پیسە.

بەڵام ئەگەر لەڕەحم هاتە دەرەوە؟

بەشێك لەزانایان دەڵێن: هەر پیسە، ئەمەش مەزهەبی مالكی و شافعییەكانە، وەجهێكيشە لای حەنبەلییەكان.

بەبەڵگەی ئەوەی: هەموو شتیك هاتە دەرەوە لەهەردوو دەرەچەكە بەڕەهایی پیسە، كە «مەنی»ش براوەتە دەرەوە -لای ئەوانەی دەیبەنە دەرەوە- لەبەر ئەو بەڵگانەیە كە لەو بارەوە هاتوون.

كۆمەڵێكی تریش دەڵێن: ئەوەی لەڕەحمەوە دەربچێت، پاكە. ئەمەش مەزهەبی حەنەفی و حەنبەلییەكانە، وەجهیكیشە لای شافعییەكان.

بەبەڵگەی ئەوەی دایكی ئیمانداران مەنی لەقەد كراسەكەی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بەدەستی وەراندووە پاشان نوێژی پێوە كردوە، ئەو مەنییەش هی جیماع بووە، چونكە پەیامبەران -عليهم الصلاة والسلام- لەخەودا لەشگران نابن -وەك زانایان دەڵێن-، دەی كەواتە بەر تەڕی ڕەحمی ئافرەت كەوتووە، جا ئەگەر پیس بوایە، تەنها تەكاندن و وەراندنی بەس نەبوو.

هەروەها دەبویە بوترایە مەنی پیاو و ئافرەتیش پیسە؛ چونكە هەردووكی بەر ئەم تەڕییە دەكەوێت.

كە وتیشمان ئەم تەڕی و ئیلتیهاباتانە پیسن، واتە: دەبێت پاك بكرێنەوە، ئەگەر بەر لاشە یان جلوبەرگ كەوتن. بەڵام غوسلی لەسەر نییە.

پاشان پرسیارێكی تر: ئایا ئیلتیهابات دەستنوێژ دەشكێنێت؟

خیلافی لەسەرە:

هەندێك دەڵێن: هەردوو جۆری پێشوو دەستنوێژ دەشكێنێت.

ئەگەریش وتمان دەستنوێژ دەشكێنێت و كەسەكە وەك میزەچوركە بەردەوام هەیبوو، ئەوا بۆ هەموو نوێژێك تارات دەگرێت و خۆی پاك دەكاتەوە و شتێكی لەسەر دادەنێت بۆ ڕاگرتنی و دەستنوێژ دەگرێت و نوێژی خۆی دەكات و گوێ بەهیچ شتێكی تر نادات كە لەكات نوێژەكە بێتە دەرەوە لە ئیلتهابات وتەڕی.

 

بەكورتی دەڵێین -بەحەول و قوەتی خوا سبحانه-: ئەگەر لەدەرچەی میزەوە هاتە دەرەوە پیسە. ئەگەر لەڕەحمەوە بوو، وا دەردەكەوێت پیس نەبێت، بەڵام بۆ دەستنوێژ، كەسێك ئیحتیات بكات و دەستنوێژ بگرێت باشترە.

والله أعلم.