مەقالەکان

حوكمی ناونووسین وەك چاودێر لەسەر سندووقی دەنگدان وە حوكمی بەشداریكردن لەهەڵبژاردن

زۆر جار پرسیارم لێدەکرێت لەبارەی مەسەلەی ناونووسین لەسەر سندوقەکانی دەنگدان؛ کەسێک لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناوی خۆی بنوسێت وەك چاودێر، ئایا حەڵاڵە یان حەڕامە؟؟!

«أقول بحول الله تعالی وقوته: سەرەتا پێش ئەوەی دەستپێبکەم، من نە تەکەتولاتم دەکەم پێویستم بەوە بێت خەڵکێکی زۆرم لەدەور بێت، هەروەها نە پێوستم بەدەنگی كەسە، لەو قسانەشدا كە دەیکەم -خوای گەورەش خۆی ئاگای لەدڵمانە- وا هەستەکەم بەس چاوم لە قەبر و مردنی خۆمە، ئەو قسە دەکەم و بیرم لەوەیە ڕۆژێک دێت لەناو گۆڕێکدا تەنها دەکەوم  و دوو فریشتە دێن پرسیارم لێدەکەن، جا ئەوەی دەیڵێم قەناعەتی ناخمە، نە ئومێدم بە کەسە و نەترسم لەكەسە، نە چاوەڕێی دەستخۆشی و پاداشتی كەسم، نە ترسم لەقسەی كەس و غەیبەت منداڵ و لاپاڵ هەیە، واتە: ئەگەر هەموو خەڵکە موسڵمانەكە؛ ئەوانەی كە فەرمانی شەرع جێبەجێ دەكەن و لە نەهییەكانی دووردەكەونەوە، هەموو ئەمانە نەچوونە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە بە چاودێریكردن و دەنگدان و هەڵبژاردن و، دووریان گرت، ئایا هیچ لەباسەکە دەگۆڕێت؟! ئەو كارەیان هیچ كاریگەرییەكی دەبێت؟! بەو كارەیان چاكەیەك یان مەصڵەحەتێك زیاد دەكەن كە گەورەتر بێت لە مەصڵەحەتی بەشداریكردن؟! یان خراپەیەكی گەورە لادەبەن؟! مەفسەدەیەك گەورە كەم دەكەنەوە؟! كە خراپە و مەفسەدەكە گەورەتر بێت لە خراپە و مەفسەدەیەی بەشداری كردن؟!

 

لەڕاستیدا كاریگەرییەكی وا درووست ناكەن! بەڵکو جاری وا هەیە، ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک 60% یان 50%ـە، كەچی هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت! هەڵبژاردن دەكرێت و هەموو شتێک کۆتایی پێدێت و بێ ئەوەی هەڵوێستەكەت ڕۆڵێكی كارای هەبێت!

 

ئەی ئەگەر ئەم خەڵکە بەشداری بکەن، تۆ دابنێ -گریمان- لەهەموو ئەوانەی خۆیان هەڵبژاردووە پیاوی باشیان تێدا نییە، بەڵام لەناویاندا هەیە خراپەی کەمترە، هەشیانە خراپەی زۆر زیاترە، ئەگەر بڕۆن ئەوە هەڵبژێرن کە خراپەی کەمترە ئایا ئەمە لەگەڵ ڕوحی ئیسلام دێتەوە یان نایەتەوە؟؟!

وادەزانم ئەگەر هەرکەسێک سەری بە ئیسلامدا کردبێت و لەناو واقعێکدا بێت کە هەڵبژاردنی تێدایە و وڵاتەکە چوار ساڵ جارێك، هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت و بووە بە ئەمری واقع، خۆلێدوورخستنەوەی تۆ و ئێوە! هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، بەڵام لەوانەیە تۆ یان ئێوە بتوانن خراپەیەك سووك بكەنەوە، شەڕێک كەم بكەنەوە، جا ئەگەر خێرێکیشی پێ نەهێنرێتە پێشەوە بەڵام خراپەیەك لابدات یان سووك بكاتەوە، ئەوە چاودێری كردن و بەشداری كردن هیچ مانعێکی تێدا نییە.

 

 بۆیە هەر کەس دەبێتە چاودێر لەسەر سندوقێکی  دەنگدان بەمەرجی ئەمانەت پارێزی و خیانەت نەكردن، نەك ببێتە چاودێر لەسەر سندوقێك و بە ۲٥ هەزار یان دیارییەك یان بە کارتێک و هتد سندوقی دەنگەکان بفڕۆشێت یان بیگۆڕێت.

جا مەبەست ئەوەیە بەمەرجی پاراستنی ئەمانەت قەیدی نییە إن شاء الله تعالی، والله أعلم.

هەڵبەت حوکمی هەڵبژاردن و ئەسڵ تێیدا لای من و لای زۆرێك زانراوە و بەناوبانگە، ئەوەم وت نەوەك کەسێک بیت بەجەهالەتی خۆی موزایەدە بکات، ئەگەرنا ڕێك پێش 17 ساڵ پێش ئێستا پرسیارم لەئەندامێكی پێشووی لیژنەی هەمیشەیی فەتوا كرد لە شانشین لەم بارەیە بەتایبەت و وەڵامەكەشمی لە سایتی فەرمی خۆی بڵاو كردەوە، بەڵكو والله لەمەی من دەیڵێم زیاتریشیان وتووە، لەمە گەورەتریشیان فەرمووە، وە گفتوگۆم كردووە لەگەڵ چەندینی تر لەئەهلی عیلم، بۆچوونیان ئەوەیە كە خزمەتم كردن.

بێگومان دەکرێت عالمێکیش هەبێت خیلافی ئەو بابەتە بکات و ڕای پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی پێشوو بێت، جا من نەموتووە ئەم بابەتە ئیجماعی لەسەرە، بەڵام ئەو بۆچوونەی ئێمە باسمان كرد لەسەرەوە بۆچوونە ڕاستترەكە و تەواوەكە و واقعیانەترەكە و شەرعیترەكەیە، خۆ لەوانەشە هەڵەبێت، واتە لەوانەی ئەوەی تۆ دەیڵێت و دژی ئەوەی منە، ئەوە ڕاست بێت.

بەندە دوو سـاڵ پێش ئێستا، دووبارە لەسەر ئەم بابەتە، ئەم قسانەم كردووە، پێش ئەوەش نزیك پێنج ساڵێک پێش ئێستا، هەمان ئەم قسانەم کرد لەنووسینێكدا، بە فەزڵ و کەڕەمی خوا تبارک وتعالی دێتە بیرم دوانزە ساڵێك پێش ئێستا لەسەر مینبەرەوە دیسانەوە، قسەیەکی لەم شێوازەم کردووە».

وەرگیراوە لەوانەیەك لەوانەكانی شرح روضة العقلاء، بەشەرحی مامۆستا علی خان

 

02 / 08 / 2023