مەقالەکان

تۆزێك ئەو پارە لەخۆتەوە دوور بخەوە

لەخوا بترسن!

تۆزێك ئەو پارە لەخۆت دوور بخەوە، بۆ ئەوەندە خۆشەویستە هەر دەتەوێت لە دەور دەستت بێت؟! 

بێگومان «خێر بۆ خوێش نەك بۆ دەروێش».

بەڵام تۆ بۆ ئەوەت نییە، دەتەوێت كچەكەت یان كوڕەكەت، خوشكەكەت یان براكەت كە لەماڵێكن و بژێوی لای خۆتە و قوتابییە، شتێكی پێبدەی و بیخەیتە بەر زەكات!! 

نەك لەبەر «خێر بۆ خوێش نەك بۆ دەروێش» بەڵكو لەبەر ئەوەی ڕەزیلی، دەستت بەگیرفانتدا ناڕوات خێر و صەدەقەی پێبدەی یان نەفەقەی بكێشیت، دەتەوێت لەزەكات جێگاكەی پڕ بكەیتەوە!! وەی بەحاڵت!

هەیە دەیەوێت زەكاتەكە بدات بەپیاوەكەی بەڵام بەو مەرجەی بیدەی بە حەیوانێك و لەسەر سفرەی مانگی ڕەمەزان پێكەوە بیخۆین!! ناسكە لەو زەكاتە!!

نەك لەبەر «خێر بۆ خوێش نەك بۆ دەروێش» بەڵكو لەبەر ئەوەی ڕەزیلی دەستت بەگیرفانتدا ناڕوات گۆشت بۆ ڕەمەزان بكڕیت، دەتەوێت لەزەكاتەكە بیكڕی و «بەردێك و دوو چۆلەكە».

هەیە دەیەوێت زەكات بدات بە برایەكی یان خوشكێكی یان كەسێكی نزیكی كە خانوویەكی چەند دەفتەری هەیە و داویەتی بەكرێ و كرێكە بەشی ناكات!!

نەك لەبەر «خێر بۆ خوێش نەك بۆ دەروێش»  بەڵكو لەبەر ئەوەی كە داوات لێدەكات، تۆش دەتەوێت سەخاوەت و بەخشندەیی خۆت بەسەر زەكاتەوە بسەلمێنی!!

یان سەیارەیەكی دوو دەفتەری هەیە، دەڵێت: ئایا قەینا زەكاتی پێبدەم؟!!

یان خانوویەكی شەش دەفتەری درووست كردوە بەبێ عەرزەكەی، قەینا زەكاتی پێبدەم تەواوی بكات؟! نا والله نابێت!

یان بژێوی هەیە و بەشی دەكات، بەڵام قەرزارە! 

- قەینا زەكاتی پێبدەم؟

- زەكاتە دەداتەوە بە هەق قەرز یان لووشی دەدات؟!

- والله لووشی دەدات و نیازی دانەوەی زەكاتی نییە لەئێستادا؟!

- قوربان بۆی نابێت و زەكاتەكەت دەرنەچووە!

جا بە كورتی، زەكات بووە بە گاڵتە و گەپ و یاری بەدەست هەندێك كەسەوە خوا هیدایەتی ئێمە و ئەوانیش بدات...

لەخوا بترسن، بۆ باش ناپرسن كە زەكات چۆن دەدەن و بە كێ دەدرێت و بەكێ نادرێت؟!

 

علی خان

07 ـی ڕەمەزانی 1444

29 / 03 / 2023 ز