مەقالەکان

ماڵی دۆزراوە لە ئیسلامدا موڵكی دەوڵەت نییە!

ماڵە دۆزراوەكان زۆر و هەمە جۆرن، لەوانە: دۆزینەوەی پارە وشتوومەك و قاپ و قاچاخ.

لە ئیسلامدا ئەگەر كەسێك ئەم شتانەی دۆزیەوە ئەوا:

یان كەمە وبێنرخە، ئەو كاتە دروستە بیبات و بۆ خۆی خەرجی بكات بە بێ بانگەوازكردن و ڕاگەیاندنی، ئەمەش جێی كۆدەنگی زانایانە: «رخَّص لنا رسول الله  صلى الله عليه وسلم في العصا، والسوط، والحبل، وأشباهه يلتقطه الرجل ينتفع به».

یان ماڵەكە گرانبەها و بە نرخە، ئەوكاتە فەرزە لەسەری ئەو ماڵە لە شوێنی قەرەباڵغی و كۆبوونەوەی خەڵكدا وەك بازاڕ و بەردەم مزگەوتەكان وهاوشێوەكانیان ڕایبگەیەنێت بۆ ئەوەی خاوەنەكەی بدۆزێتەوە. چونكە ئیسلام بە ئەمانەت لەو ماڵە دەڕوانێت.

زانایان ئەڵێن: هەفتەی یەكەم هەموو ڕۆژێك بانگەواز دەكات، چونكە ئیحتیمالی هاتنی خاوەنەكەی و دۆزینەوەی زۆر بەهێزە، لەوەودوا بە گوێرەی پێویست و بە گوێرەی كۆبوونەوەی خەڵك.

ئێستاش ڕاگەیاندن هەیە، لە ڕاگەیاندنەكانیشەوە بڵاوی دەكاتەوە.

بەڵام باسی بڕەكەی و ووردەكاری ماڵە دۆزراوەكە ناكات. تەنها دەڵێت -بۆ نموونە-: بڕێك پارەم دۆزیوەتەوە هی كێیە؟!

زەیدی كوڕی خالدی جوهەنی ئەڵێت: پرسیار لە پەیامبەری خوا  صلى الله عليه وسلم  پرسیاری لێكرا لە بارەی دۆزینەوەی زێڕ و زیوو (كە ئەو كاتە دراو بووە) ئەویش فەرمووی: توورەكەكە و قەیتانەكەشی كەسەر توورەكەكەی پێ بەستراوەتەوە جوان بناسە، تا بزانیت كەسێك بانگەشەی ئەو ماڵەی كرد، تا چەند ڕێك دێتەوە لەگەڵ ماڵەكەی لای تۆ، پاشان تا یەك ساڵ ڕایبگەیەنە ئەگەر دوای یەك ساڵەكە خاوەنەكەی نەهات ئەوا خەرجی بكە بەڵام ئامانەتە لەسەرت، هەر ڕۆژێك خاوەنەكەی بە ناونیشانی تەواوە هاتەوە ئەوا پێی بدەوە.

لەم فەرموودە ڕوون دەبێتەوە كە دۆزراوەكە ئەمانەتە لەلای دۆزەرەوەكە، بۆیەش ئەبێت نەیدات بە كەس تا ناونیشانی تەواو دەخاتە ڕوو، ئەگەر وای نەكرد ئەو كاتە ئەمانەتەكەی تەسلیم بە خاوەنە ڕاستەقینەكەی خۆی نەكردووە.

ئەگەریش دوای ساڵەكە نەهات ماڵەكە دەبێتە موڵكی كابرای دۆزەرەوە. بۆی هەیە سوودی لێببینێت، دۆزەرەوەكە دەوڵەمەند بێت یان هەژار. بەڵام خاوەندارێتیەكەی كاتییە، بەو واتایەی: كەی خاوەنی یەكەمجاری هاتەوە پێی دەدرێتەوە. «وَلْتَكُنْ وَدِيعَةً عِنْدَكَ، فَإِنْ جَاءَ طَالِبُهَا يَوْمًا مِنَ الدَّهْرِ فَأدِّهَا إِلَيْهِ».

جیاوازی نێوان پێش ساڵەكە و دوای ساڵەكەش ئەوەیە: لە حاڵەتی یەكەمدا كابرا گەرەنتی لەسەرە و دەبێت بیبژێرێت ئەگەر لە ناو بچێت، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا پێبژاردنی لەسەر نییە مەگەر بە كەمتەرخەمیەوە ماڵەكە بفەوتێت. 

ئەوسی كوڕی كەعب ئەڵێت: «توورەكەیەك پارەم دۆزیەوە، سەد دیناری تێدا بوو، چوومە خزمەتی پەیامبەری خوا  صلى الله عليه وسلم و پرسیارم لێكرد لەو بارەوە، فەرمووی: یەك ساڵ بانگەوازی بۆ بكە، ئەڵێ: منیش یەك ساڵ وامكرد، بەڵام كەس نەهات بۆی، تا سێجار ئەچوومەوە خزمەتی وئەویش وای دەفەرموو، منیش بانگەوازم دەكردەوە، كۆتا جار فەرمووی: توورەكەكە و قەیتانەكەشی كەسەر توورەكەكەی پێبەستراوەتەوە، جوان بناسە، خاوەنەكەی هات، بیدەوە پێی، ئەگەرنا خەرجی بكە». وەك لە بوخاری وموسلیمدا هاتووە.

بۆیە ماڵی دۆزراوە موڵكی دەوڵەت نییە و مافی ئەوەشی نییە بە زۆر لە كابرای دۆزەرەوەی بسێنێت و پێی بڵێت: «ئەو پارەیەی دۆزیوتەتەوە موڵکی دەوڵەتە و ئەبێت تەسلیمی ئێمەی بکەیت! ئەگەر تەسلیمی نەکەیت بە زۆر لێت دەسێنین». ئەمەش لە شەرعەكەی خوادا. 

خواش زاناترە.

 

داماوی لێبووردەیی خوا

علی خان

چوار شەممە

07 جمادى الأولى 1442

20/01/2021