کتێبخانە

میهره‌بانی له‌ ڕونكردنه‌وه‌ی (90) نه‌وه‌د هه‌ڵه‌ وچه‌واشه‌كاری (وه‌ڵامی ... ڕاوی)

خوێنەری سەنگین: لەم ماوەیەدا كەسێك زو زو دەهاتە سەر شاشەی كەناڵە ئاسمانیەكان وباسی پرسە دینیەكانی دەكرد، بە ناوی «... ڕاوی»، كۆمەڵێك گومان وشوبهەی وروژاند بە شێوەیەكی نازانستی -وەك ڕون دەبێتەوە بە یارمەتی خوای گەورە-. 

جا ئەم كتێبەی بەردەستت لە ئەسڵدا بریتیە لە زنجیرە وانەیەكی ساڵێك پێش ئێستا، وەڵامی ئەوی پێدراوەتەوە، دواجار ئەو برایانە: «ژیلوان عەلی وڕابەر تاڵب» ئەوەی لەسەر كاغەز نەبو خستیانە سەر كاغەز، منیش بەپێی پێویست كەمێك دەستكاریم كرد وئەمەی بەردەستی لێدەرچو.

وئەو هەڵە وچەواشەكاریانە تەنها هی یەك ئەڵقەی یەكێك لەو كەناڵە ئاسمانیانەیە( )، وپوختەی ئەو دەقانەی كە ئەم هەڵە وچەواشەكاریانەی تێدا دەكات پانزە دەقیقەیە، ئەوپەڕەكەی بیست.

چیرۆكی ئەم وەڵامەش بریتیە لەوەی ڕۆژێك لەسەفەر بوم نامەیەكم لە دۆستێكەوە بۆ هات كە كەسێك شوبهەی لەم جۆرە بڵاو دەكاتەوە وباسی ئەو بەرنامەیەی كرد، منیش گوێم لەو بەرنامە گرت ولەبەر سەرقاڵی بە خێرایی نزیكەی سی بۆ چل كورتە تێبینیم نوسی، كە گەڕامەوە لەسەفەرەكە لە ماوەی سێ یان چوار ڕۆژ بە پەلە -چونكە ڕەمەزان لەبەر دەرگا بو- گوێم لێ گرتەوە وهەندێك دەستكاری وزیاد وكەمم لێكرد وپاشان لە هەشت ئەڵقە تۆماركرا وئەو برایانە بڵاویان كردەوە خوا پاداشتی خێریان بداتەوە.

ئەمەم وت، تا ڕون ببێتەوە ئەگەر كاتی زیاتر تەرخان بكرێ بۆیان -خۆی وهاوبیرانی- وسەیری قسەی زیاتریان بكرێت، وسەرنجی هەمو ئەڵقە وبەرنامە وكۆڕ وسیمینار ومێزگردەكانیان بدرێ، ئەبێت پێویستیمان بە چەند بەرگ بێت تا چەواشەكاری وهەڵەكانیان ڕون بكەینەوە؟!

جا مەبەستیش لەم نوسراوەی بەردەستت -ئەگەرچی بە خوێندنەوەشی ئەوەت بۆ ڕون دەبێتەوە إن شا‌والله- ئەوەیە كە ئەو جۆرە كەسانە لەبارەی دینەوە هیچیان پێ نیە وئەوەشی پێیانە ڕێك وتەواو نیە. هەروەها تا كەس بەو جۆرە كەسانە فریو نەخوات. 

ئەو كەسەش هیچ شتێكم لەگەڵیدا نیە وخواش ئاگادارە تەنها لەبەر خوا وبەرگریكردن لە دینەكەی وبە تایبەت لەبەر خاتری پەیامبەر  (صلى الله عليه وسلم)  بە جواب هاتوم كە بوهتانی بۆ كرد، خوای گەورەش ڕێنمایی من وئەو وهەمو خوێندەواران ولێكۆڵەرەوان بكات بۆ ڕێگای هەق وگرتنەبەری، وخەڵك بۆلا بانگ كردنی. چونكە هەقویست وئەكادیمی ولێكۆڵەر عەوداڵی هەقە.

سەبارەت بە بەستنی مێزگرد وگفتوگۆ( )، ئەگەر بابەتەكە زانستیە وهاش وهوش نیە ئەوا لە هەموی دادگەرتر كتێبە، ومێزگردیش هیچ پێوەرێكی زانستیانە نیە بۆ پێواندنی ئەوەی كێ لەسەر هەقە وكێش ناهەق. مێزگردیشمان پێ ڕەوایە ئەگەر بۆ لەبیربردنەوەی ناڕەواییەكان نەبێت!

پاشان لێرەدا وەك دەبینی دەیان ناڕاستی دەڵێ، مەعقوڵ نیە چاو لەو هەمو ناڕاستیە دابخرێ ولەبیر ببرێتەوە وبوترێ با مێزگرد بكرێ! 

بۆیە سەد لە سەد بە هەوڵێكی دەبینم بۆ لەبیربردنەوەی ئەو ناڕاستیانەی كردویەتی وتویەتی.

ئەگەرنا هەر ڕۆژێك لەو شوێنانەی ئەڵێم: ناڕاستی وتوە، ڕۆیشت وەك كەسێكی ئەكادیمی ولێكۆڵەر بەڵگەی هێنا وڕاستگۆیی خۆی سەلماند، ئەوسا بێگومان بۆ مێزگرد لەسەر ناوەڕۆكی كتێبەكە، قسەی ترم دەبێت ولكل مقام مقال. هەر واشمان وتوە.

علی خان

مزگەوتی قازی موحەممەد -رحمە  الله-.

1438 – 2017


داگرتن