بۆ دەستورێكی ئیسلامیمان دەوێت؟

لە كتێبی: هەڵسەنگاندنی وتەكانی فەلسەفەخوازێك لە تەرازوی عەقڵ ومەعریفە وواقیعدا، لاپەڕە 6 – 8. نووسینی: مامۆستا علی خان

بڕۆمە سەر باسی ئەوەی: بۆ دەستورێكی ئیسلامیمان دەوێ؟

هەڵبەت لەبەر زۆر خاڵ؛ گرنگترینیان: ئێمە وكۆمەڵێك لە عەلمانیەكانیش ئەڵێین: ئەم خاك وهەوا وئاو وئاسمان وشەو وڕۆژ و ... هتد هەمووی دروستكراوی خوایە سبحانه، ئایا بەبێ ئەم دروستكراوە ورد وموحكەمانەی خوا ژیان بەردەوام دەبێت؟ بێگومان نەخێر، بۆچی؟ چوونكە خوا خۆی دروستكاری هەموو بونەوەرە وزانایە بە هەموو شتێك وبە نهێنی وئاشكراكان، دانایە كە چی شیاوە، بۆ كەی شیاوە، وبۆ كوێ شیاوە، وچۆن شیاوە ...، یا نەشیاوە بۆ نەشیاوە؟ بەو شێوە خولقاندوویەتی كە بشێ وبگونجێ.

بۆیە ئەم ژیانە ئاوها جوانە وگوزەران بەردەوامە، دەبینی ئاسمان شینە ڕەش نیە، ئەگەرنا ئەو جوانیەی نەدەما، هەوا ڕەنگی نیە، ئەگەرنا یەكترمان نەدەبینی، نە قورسە ونە سوكە ئەگەرنا دووایی بمانویستایە هەوا هەڵبمژین یان ئەبوایە سەرمان بنوسایە بە خاكەوە، یان سەربكەوتینایە بەسەر شتێك تا تۆزێك هەوا هەڵبمژین -ئەمە ئەگەر ژیان مابێ-، هەروەها ئاو، نە تام ونە بۆن ونە ڕەنگی نیە. ئەگەرنا هەندێك تەبیعەت حەزی لە هەندێ بۆن وتام وڕەنگ نیە... تا دواى ئەو سەرنجانەی موجەللەداتی پێویستە بۆ باسكردنیان.

ئەمە خەلقی خوایە وهەموومان پێمان وایە عەیبی نیە، ئەی بۆ ئەبێت خەلقەكەی بێ عەیب بێت بەڵام شەرعەكەی عەیبدار بێت؟! ئەمە هەر بۆ خۆی نەسازی ودژ بەیەكی «تناقض» نیيە؟! هەربۆیە چۆن بەبێ ئەم نیزام وسیستەمە گەردوونیەی خوا -إن صح التعبیر- دایناوە، ژیان نابێت، ئاوهاش بەبێ ئەو سیستەمەی بۆ ژیانی خەڵكی داناوە -كە شەریعەتەكەیەتی- ژیان بە ڕێكی ناڕوات.

یانی تۆ ئەگەر بە گوێرەی كەتەلۆك ئەو ئامێرە بەكارنەهێنی، نابێت، بۆ نمونە هەندێك ئامێری كارەبایی ئەبێ كە لەبار داتگرت بۆ چەند سەعاتێك داینەگیرسێنی، ئاوها نوسراوە، كە واتنەكرد ئەوسا ئەگەر خۆی دە ساڵ ئیش بكات، بۆ تۆ لەوانەیە مانگێك ئیش بكات یان ڕاستەوخۆ بسوتێت.

جا ئەگەر عەلمانیەت پیادە بكەین، ئا بەو چەشنە ژیان تێك دەچێت.

بۆیە ئەڵێین: ئەبێت ئیسلامەكەی خوا دەستور بێت [ورَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا]. واتە: «وڕازی بووم ئیسلام دینتان بێت، بۆیە پێوەی پابەند بن».

ئەمەش واتای: [أَلَا لَهُ الْخَلْقُ والْأَمْرُ تَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ]ە. واتە: «دروستكراوەكان هەمووی هی خوان، وفەرمانەكانیش هەر بۆ ئەون». 

هەروەها دەستوری عەلمانیەتمان ناوێ، چوونكە بەڕاستی زۆر ناشیرینە، ئەوشتە جوانانەی تێیدایە ئیسلامەكەمان دەستەبەری كردووە -الحمد لله-، ئیتر بۆ واز لەو خوانە جوان وڕازاوەی خوا بهێنین وڕوبكەینە زبڵدانەكە وبڵێین: ئەو خواردنە لەم زبڵدانە هەیە بەتامترە لەوەی سەر سفرە وخوانەكە. ئەمەش بەو واتا دێت كە من دان دەنێم بەوەی بێگومان كۆمەڵێك جوانی لە نەهجی عەلمانیەتدا هەیە، وەك هەر خراپی وناشیرینەك كە چۆن یەك پارچە ڕەش نییە، جوانی وسپێتی وخێریشی تێدایە بەڵام لایەنە خراپەكەی زیاترە، عەلمانیەتیش ئاوها.

كێشە گەورەكە ناشارەزایی وگەنحاڵی بوونی نەیارانی ئیسلامە لە ئیسلام

پێشتر وتومە وئێستاش دەیڵێم: كێشە گەورەكەی ئێمە لەگەڵ نەیارانمان بریتیە لە ناشارەزایی ونا حاڵی بوون وگەنحاڵی بوونیان لە ئیسلام، دەی: «الحُكْم عَلَي الشَّيْ‌وِ فَرْعٌ عَنْ تَصَوُّرِه»، كە تۆ حوكم دەدەیت لەسەر شتێك بەگوێرەی ئەوە دەبێت كە لەوشتە حاڵی بووی -ئەمە ئەگەر هەوا وئارەزو ببەینە دەرەوە كە من پێم وایە پشكی شێری هەیە لەو بڕیار ودیدە هەڵانەی لەسەر ئیسلام دروست دەبن ودەدرێت-.

https://www.ali-xan.com/ktebxana/33

ئەم بابەتە لە فەیسبووك